ئامانجی سەردانی شاندی کوردستان بۆ عێراق ئاشکرا دەکرێت
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕايگەیاند، بڕیارە شاندێکی ھەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا، ”بەڵام تا ئێستا پێکھاتەی شاندەکە و ناوی ئەندامانی یەکلا نەکراوەتەوە“.
فارس عیسا هەروەها رایگەیاند، ئامانجی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق، ”گفتوگۆکردنە لەسەر پرسی مووچە و بودجە و رێگریکردنە لە بەکارهێنانی ئەو پرسانە بۆ موزایەدەی سیاسی".
لەبارەی پۆستەکانی حکوومەتی عێراق، کە بەرکەوتەی گەلی کوردستانن، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، ”تا ئێستا لەو بارەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا گفتوگۆمان نەکردووە“، بەڵام تا رۆژی 24ـی مانگی 10، بە بڕیاری پەرلەمان دەبێ هەموو پۆستەکان یەکلایی بکرێنەوە و شاندەکەی کوردستانیش ئەو پرسەش دەخاتە بەرباس.
فارس عیسا ئاماژەی بە سەردانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، ئەگەرچی عەبدولمەهدی ئێستا سەرقاڵی کابینەکەیەتی، بەڵام ”سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لە بەرنامە دایە“.
باسنيوز
