لاوانی كەركووك ساڵیادی 16ـی ئاب پیرۆز دەكەن

	 لاوانی كەركووك ساڵیادی 16ـی ئاب پیرۆز دەكەن
ناوەندی باڵای كەركووكی یەكێتیی لاوان، لە سەنتەری پارێزگای كەركووك و قەزا و ناحیەكان دروشمی 16ـی ئاب و یادی 73 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاو دەكەنەوە و ئەو یادە بەرز ڕادەگرن. دەشڵێن، هاووڵاتیانی كەركووك بە گەرمییەوە پێشوازی لەو یادە دەكەن و ئاڵا و دروشمەكانی پارتی بڵاو دەكەنەوە.

ڕائید كاكەیی، كارگێڕی ناوەندی باڵای كەركووكی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن، ڕاگەیاند: "شەوی 15 لەسەر 16ـی ئاب بە بۆنەی یادی دامەزراندنی پارتیمانەوە وەك لاوانی كەركووك لە تەواوی گەڕەك و شەقامەكانی شار ئاڵا و دروشمی پارتیمان بڵاو كردەوە، هاووڵاتیانیش بە بینینی ئاڵا و لافیتەی دروشمەكانی 16ـی ئابی پارتی، زۆر خۆشحاڵ بوون و بە گەرمی پێشوازییان لێ كردین".

كاكەیی گوتیشی: "لە هەریەكە لە پردێ و داقووق و دوبز و تەواوی قەزا و ناحیەكانی سەر بە پارێزگای كەركووك، لە ڕێگەی ناوەندەكانی چالاكییەوە، دروشمی پارتیمان بۆ 16ـی ئاب بڵاو كردووەتەوە و لەسەر دیوارەكان هەڵواسراون".

دەشڵێ: "كەركووك داگیر كراوە، بەڵام ئێمە وەك لاوانی پارتی لە تەواوی بۆنە نیشتیمانییەكاندا چالاكیی جۆراوجۆرمان ئەنجام داوە و گوێمان بە ڕێگری و هەڕەشەكانی هێزە میلشیاییە داگیركەرەكانی كەركووك نەداوە".

ناوبراو ئاماژەشی دا: "لە ڕۆژی ئاڵای كوردستان و جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا، ئێمە وەك لاوانی پارتی بەردەوام بووین لە چالاكی و ئاگری نەورۆزمان كردووەتەوە و ئاڵای كوردستانمان بەرز ڕاگرتووە".

ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017، هێزە عێراقییەكان شاری كەركووكیان داگیر كرد و لەو ڕۆژەوە پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی بارەگا حیزبی و ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی لەو شارە چۆڵ كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر لە سەرەتاشەوە ڕایگەیاند، دەبێ جارێكی تر ڕەوشی ئەو شارە داگیركراوە ئاسایی بكرێتەوە و هێزە جۆربەجۆرەكان لە كەركووك بكشێنەوە.

kdp-
Top