کشتوکاڵی سلێمانی: شووتی پێنجوێن لە هی وڵاتانی دەرەوە باشترە
شەماڵ جەمال بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی ڕاگەیاند "گرتە ڤیدۆییەکەم بینی و ئەو کەسەی قسە لەسەر مادەکان دەکات، بێ ئاگایانە قسە دەکات، قسەکانیشی هیچ بنەمایەکی زانستیان نیە، چونکە ئەو مادانە کالیسیۆمیان تێدایە، لە زەوییەک بەکاردێت كە مادەی کالیسیۆمی کەم بێت، مادەی یۆری و هیومارایتسی تێدایە، هەندێک لەو مادانە بۆ قەدی ڕووەک و بەرهەمەکەی و سەوزاییەکەی بەکاردێت، لە هەموو جیهانیشدا ئەم مادانە بەکاردێن و هیچ زیانیان نیە و کاریگەریشی لەسەر تام نیە".
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی ئەوەشی گوت "لەبری ئەوەی بازاڕ بۆ جوتیارانی خۆمان دروست بکرێ، کەسانێکی نابەرپرس و نائاگا دێن بەم جۆرە کار لەسەر شکانی بەرهەمی جوتیاران دەکەن، ئەم کارە تەنیا بۆ شکاندنی بەرهەمی ناوخۆیە".
ئاماژەی بەوەش کرد "دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیان لە بەکارهێنانی ئەم بەرهەمانە و بەرهەمی ناوخۆ زۆر ئەمینتر و باشترە لە بەرهەمی دەرەکی، چونکە تەواوی ئەو مادانەی جوتیاران بەکاری دێنن لە بازارەکانی سلێمانی و هەولێر دەیکڕن، ئەو بازارانەش لە ژێر کۆنترۆڵی قایمقامییەتەکان و ئێمەدان، هەر مادەیەکی زیانبەخش ببینرێ، دەستی بەسەردا دەگیرێ و خاوەنەکەشی سزا دەدرێت"ٚ.
bas news-
