مەسعوود نووری: رۆژانی دابێ رێگەی گوێڕ- مووسڵ دەكرێتەوە
مەسعوود نووری، بەڕێوەبەری شارەدێی گوێڕ، راگەیاند: "لەگەڵ ھێرشی تیرۆریستانی داعشدا، پردی گوێڕ وەك گەورەترین پردی عێراق بەشێكی تەقێندرایەوە و زیانی زۆری بەر كەوت، لە دوای دەستپێكردنی شەڕی داعش و دواتر رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، رێگای گوێڕ- مووسڵ گیراوە، بەڵام كەوتووینەتە خۆئامادەكردن بۆ كردنەوەی رێگاكە و بڕیارە لە چەند رۆژی ئایندەدا رێگای گوێڕ- مووسڵ بە ڕووی ھاووڵاتیاندا بكرێتەوە".
بەڕێوەبەری شارەدێی گوێڕ دەشڵێت: "پردی گوێڕ، كە پارێزگای مووسڵ بە شارەكانی دیكەی عێراقەوە دەبەستێتەوە، درێژییەكەی ھەزار و ٣٥٠ مەترە و گەورەترین پردە لە عێراق، كە كردنەوەی پردەكە، سوودێكی زۆری ھەیە بۆ دانیشتووانی مووسڵ و ھەموو عێراق، چونكە رێگایەكی بازرگانیی گرینگیشە و بە كردنەوەی ھاتوچۆی نێوان قەزای مەخموور و مووسڵیش دەست پێدەكاتەوە".
مەسعوود نووری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لەگەڵ كردنەوەی رێگای گوێڕ- مووسڵ، دەست بە پڕۆسەی نۆژەنكردنەوەی پردی گوێڕ دەكرێت و پێنج ملیار دیناری عێراقی بۆ نۆژەنكردنەوەی پردەكە خەرج كراوە، كە بە ھۆی شەڕی داعشەوە زیانی بەركەتبوو".
kdp -
