شاخەوان عەبدوڵا: بۆ پێکەوەژیان لە کەرکووک دەبێ شۆڤێنییەكان رازی بن
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك ڕاگەیاند: عەقڵیەتی شۆڤێنی زیاتر لەلای داگیركەرانی كوردستانە، دەبوو ئەوانە سوودیان لە ئەزموونی ڕابردوو وەربگرتبا، چونكە ساڵانێكی زۆر هەوڵی قڕكردن و لەناوبردنی كوردیان دا، هەروەها ویستیان تاكڕەوانە ناوچەكان بەڕێوە ببەن و كوردستانیبوونی کەرکووک بگۆڕن، بەڵام پێیان نەكرا.
ئەو ئەندامەی لێژنەی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك، ئەوەشی خستە ڕوو: كەركووك شارێكی فرە کولتوور و پێكەوەژیانە كە دەبێ هەموو پێكهاتەكان بە ئازادانە و سەربەرزانە تێیدا بژین، ئیدی عەقڵیەتی شۆڤێنی جێگای نەماوە، دەبێ شۆڤێنییەكان هاوشێوەی هاووڵاتییەكی كەركووكی بە فرەیی و پێكەوەژیان ڕازی بن، یان دەبێ شارەكە بەجێ بهێڵن و هیچ چارەسەرێكی دیكەیان نییە.
هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد: عەقڵیەتی شۆڤێنی سوود لە ناسەقامگیریی سیاسی دەبینێت، بۆیە هەر كاتێك ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو هەولێر و بەغدا و پێكهاتەكان هەبێت، ئەوا دۆخەكە لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە و دوور دەخرێنەوە، بۆیە هەوڵ دەدەن بە هەموو شێوەیەك دۆخەكە تێك بدەن.
سەبارەت بە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی ناوچەكان، شاخەوان عەبدوڵا جەخت دەكاتەوە: دەبێ وتووێژەكان بەردەوام بن و لەسەر كۆی پرسەكان بگاتە ئامانجی خۆی، چوونە پێشەوە لە پرسەكان هەیە و دەكرێ بیقۆزینەوە و ڕێككەوتنی لەسەر بكەین، ئەوكاتە كەس ناتوانێت ئاڵۆزی دروست بكات.
basnews
