مەحمود عوسمان: پەیامەکەی کاک مەسعود لەبارەی رەوشی کەرکووک گرنگ و زۆر باش بوو

مەحمود عوسمان: پەیامەکەی کاک مەسعود لەبارەی رەوشی کەرکووک گرنگ و زۆر باش بوو
سیاسەتمەدارێکی کورد پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لەبارەی رەوشی کەرکووک، بە گرنگ دادەنێت و رایدەگەیەنێت، ناکرێ رەوشی ئەو شارە خراپ بکرێت.

مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد راگەیاند، پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی کەرکووکەوە ”زۆر باش بوو و لەجێگای خۆی بوو، کەرکووک پێویستی بە گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا و ناکرێ رەوشی ئەو شارە خراپ بکرێت“.

مەحمود عوسمان هەروەها رایگەیاند، ”دەبێ“ بەھاوکاریی حکوومەتی عێراق، درێژە بە گفتوگۆی پێکھاتەکانی کەرکووک بدرێ، ”کەس ناتوانێت بەزۆر ئەو شارە کۆنترۆڵ بکات، شۆڤێنیەتی کۆنی عەرەبی ناتوانێت خۆی فەرز بکات بەسەر ئەو شارە و دەبێ نەتەوە یەکگرتووەکان بێنە سەرخەت“.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 13-7-2019، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند، ”ھیچ مساوەمەیەک لەسەر کوردستانیبوونی ناسنامەی کەرکووک ناکەین و دەبێ کەرکووک ببێتە نموونەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی“.

سەرۆک بارزانی رێککەوتنی لایەنە کوردییەکانی لەبارەی کەرکووک بە ”هەنگاوێکی گرنگ“ داناوە و رایگەیاندووە، ”لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە کێشەکانی کەرکووک بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان ھەولێر و بەغدا یەکلایی بکرێتەوە و چارەسەر بکرێت“.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

کێشەی کەرکووک تەنیا گرفتی سیاسیی نێوان دوو حزب یان ململانێی سیاسیی نێوان چەند لایەن نییە، لە ڕاستیدا کێشەی کەرکووک بابەتێکی مێژوویی و سیاسی و کۆنە لە ھەمانکاتیشدا فرەڕەھەند و گەورەیە.

بەھۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی بەسەر کەرکووکدا ھاتووە و، لەبەر پێویستیی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداریی شارەکە و خزمەتکردنی خەڵکی کەرکووک و ھەروەھا چارەسەرکردنی کۆی کێشەکان، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە ڕێککەوتن و ھاوڕایی لایەنە کوردییەکان، ھەنگاوێکی گرنگە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە کێشەکانی کەرکووک بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان ھەولێر و بەغدا یەکلایی بکرێتەوە و چارەسەر بکرێت، ھەر ئەنجامێکیش کە ھەبێت دەبێ جێگەی ڕەزامەندیی ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووک بێت.

ئێستا کەشێکی ئیجابی لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھاتووەتە ئاراوە و ئەوەیش دەرفەتێکی زۆر باشە کە بە سوودوەرگرتن لەو کەشە ئیجابییە گرفتە ئەمنی و ئیدارییەکانی کەرکووکیش چارەسەر ببێت و لە چوارچێوەی دەستووردا کەرکووک بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی. چونکە ئەو بارودۆخەی ئێستا لە کەرکووک ھەیە ناکرێ بەردەوام بێت.

ئێمە ئێستا و پێشتریش ڕامان وا بووە کە ھیچ مساوەمەیەک لەسەر کوردستانیبوونی ناسنامەی کەرکووک ناکەین و دەبێ کەرکووک ببێتە نموونەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و ھەموو پێکھاتەکان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لە کەرکووکدا لەگەڵ یەکتر بژین.

مسعود بارزانی

13ـی 7ـی 2019










basnews
Top