گۆڕان قوباد تاڵەبانی بە سزادانی سیاسیی بەڕێوەبەرێکی گشتی تۆمەتبار دەکات

گۆڕان قوباد تاڵەبانی بە سزادانی سیاسیی بەڕێوەبەرێکی گشتی تۆمەتبار دەکات
بزووتنەوەی گۆڕان، قوباد تاڵەبانی بەوە تۆمەتبار دەکات کە سزای سیاسیی بەڕێوەبەرێکی گشتیی سەر بە بزووتنەوەکەی داوە و میدیای حزبەکەش ئاشکرای دەکات کە بەڕێوەبەرە گشتییەکە ”بڕیارێکی نایاسایی“ بەرپرسێکی یەکێتی ڕاگرتووە بۆیە سزا دراوە.

رۆژی ٣٠ی ٦ی ٢٠١٩ و لە کۆتاییەکانی تەمەنی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت بە فەرمانی ژمارە ٣٨٩٧ بڕیاری دوورخستنەوەی دلشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە پشکی گۆڕان دەرکردووە و دواتریش وەزیری پێشووی پەروەردە فەرمانی وەزاری لەژێر ڕۆشنایی فەرمانەکەی قوباد تاڵەبانی دەرکردووە.

بەو هۆیەوە عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاندووە، بڕیاری دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە پۆستەکەی، ”بڕیارێکی تەواو سیاسییە و بە شێوەیەکی نایاساییش جێبەجێکراوە“.

هاوکات پرسیاری ئەوە لە قوباد تاڵەبانی دەکات، ”بۆچی ناچێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بەڵام کەسێک دووردەخاتەوە کە پیشەییانە ئەرکی خۆی جێبەجێ کردوە و ڕێگری لە دەستێوەردانی حزبی کردووە لە کەرتی پەروەردەدا“.

میدیای فەرمیی گۆڕان هەروەها ئاشکرای کردووە کە ڕۆژی ١٥ی ٤ی ٢٠١٩، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە دوو نووسراوی جیادا کە ئاڕاستەی ھەریەک لە نووسینگەکانی پارێزگاری سلێمانی و وەزیری پەروەردەی کردووە، ئاماژەی بەوەکردووە کە رۆژەی ١٣-٤-٢٠١٩ حاکم قادر حەمەجان، لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داوای لە کۆمیتەی دەربەندیخانی ئەو حزبە کردووە، ”پەیوەندی نووسین بۆ (ھا .ح .م) بکەن وەک بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان بە بێ بوونی فەرمانی کارگێڕی کە ئەمەش کارێکی نایاساییە و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی حزبیە و چەندین حاڵەتی دیکەی لەو جۆرە ھەیە لە دیارترینیان لابردنی بەڕێوەبەری خوێندنگای سابیس“.

هەر لەمبارەیەوە بەرزان حامید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی: "بەپێی یاسای ژمارە ٣ی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لەساڵی ٢٠٠٩ دەرچووە، بریاری دانان و لابردنی بەڕێوەبەرەکان لەدەسەڵاتی ئەنجومەنە خۆجێییەکانە و لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگایە، بەمەرجێک دەبێت کەسەکە شیاو بێت، دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت، بۆیە لە دانانی ھەر بەڕێوەبەرێکی گشتی چۆن پێویستە بێتەوە بۆ ئەنجومەن، بۆ لادانیشیان دەبێت بۆ ئەنجومەن بگەڕێنەوە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە دەبووایە بابەتی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ”بھاتایەتە ئەنجومەن و سکاڵا تۆمار بکرایە، دواتر ئەنجومەن لەرێگای لێژنەی تایبەتمەندەوە بانگی بەڕێوەبەری پەروەردەی دەکرد و روونکردنەوەی لێوەردەگرت، بەڵام ئەمانە نەھاتوونەتە ئەنجومەن، بەڵکوو لە دەرەوەی ئەنجومەن مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، ئەمەش رەنگە گرفتەکانی گەورەتر کردبێت".

لە بەرامبەرەوە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و ڕەتی کردووەتەوە کە سزای سیاسیی بەڕێوەبەرە گشتییەکەیان دابێت، بەڵکوو بڕیارەکەیان بە ڕێکارێکی کارگێڕی وەسف کردووە.










باسنيوز
Top