وەزیری دارایی: ئێستاوە سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ پلانی ئابووریی ساڵی ٢٠٢٠ی هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی: ئێستاوە سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ پلانی ئابووریی ساڵی ٢٠٢٠ی هەرێمی کوردستان


وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باس لە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بابەتی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و پلانی ئابووریی وەزارەتەکەی دەکات.



ئەمڕۆ شەممە ١٣ی ٧ی ٢٠١٩، ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لەبارەی پلاندانانیان بۆ ئەمساڵ، بەهۆی ئەوەی تەنیا چەند مانگێک ماوە، هیچ پلانێکیان نابێت و لەئێستاوە سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ پلانی ئابووریی ساڵی ٢٠٢٠ی هەرێمی کوردستان. دڵنیایی خۆیشی لەوە دەربڕی کە ئەوان هەوڵدەدەن پلانێکی باش دابنێن.



لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی و ئابووری گوتی: ”دەمانەوێت بابەتی مووچە ڕێک بخرێتەوە و وادەی پێدانی مووچە ڕێک بخەین و ئەگەر بکرێت بیکەین بە سیستەمی ئەلیکترۆنی، بۆ ساڵی تازە دەبێت بەپێی بەرنامەکەی حکوومەت، وردە وردە دەیانخەینە بەرنامەی کارەوە“. جەختیشی کردەوە کە ئەوان لە خەمی خەڵکدان و بۆ بابەتی پاشەکەوتی مووچەش کار دەکەن.



هەرچی پەیوەندی بە بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئاواتی شێخ جەناب ڕاگەیاند: ”هیچ بیرۆکەیەکم نییە لەبابەتی گەڕاندنەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، ئەم بابەتە دەچێتە چوارچێوەی یاسای خزمەتی شارستانی و یاسای خزمەتی وەزیفی، تا نەچینە نێو بابەتەکەوە ناتوانم بیرۆکەیەکی ڕوون بدەم لەسەر ئەوە“. گوتیشی: ”تۆ هەموو بوارێکی ژیان حیساب بکە، کارمەندێکی پۆلیس لەگەڵ کارمەندێکی گومرگ جیاوازە، کارمەندێکی گومرگیش لەگەڵ فەرمانبەری ئاسایی جیاوازە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت سیستەمی ژیانی هەموو هاووڵاتییان بە گشتی ئاسایی بێتەوە و ئەو بوارەش دەگرێتەوە“.








باسنیوز
Top