محەمەد ئیلخانی: ژمارەیەک پۆستی دیکە بە تورکمان و پێکھاتەکان دەدرێت
محەمەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، ڕاگەیاند: "ئەم جارە پێکھاتەکانی کوردستان پێگەیەکی بەھێزیان دەبێت لە ھەرێمی کوردستان، چونکە لە دەسەڵاتی یاساداناندا پۆستێکی باڵا بە تورکمان دراوە لەگەڵ وەزیرێکی ھەرێم، جگە لەوەش، داوامان کردووە ژمارەیەک پۆستی دیکەی وەک ڕاوێژکار و بەڕێوەبەر بە تورکمان بدرێن، تا وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن لە ھەرێمی کوردستان ڕۆڵیان ھەبێت لە بەرەوپێشبردن و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان."
ئەو نوێنەرەی تورکمان دەڵێت: "داوامان کردووە لە نوێنەرایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان کەسانی تورکمان بێبەش نەکرێن و پۆستیان ھەبێت، چونکە ھەبوونی نوێنەری تورکمان ئەو پەیامە بە جیھان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت کە لە ھەرێمی کوردستان چەندە گرنگی بە پێکھاتەکان دەدرێت."
محەمەد ئیلخانی ڕوونی کردەوە: "ھەنگاوی گەورە لە ھەگبەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە، بەتایبەتی گەلی تورکمان گەشبینە بەوەی کە ئەم جارە حکوومەتێکی خاوەن ئەزموون دەبێت، ئەو کەسەی سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی وەرگرتووە، ئەزموونێکی سەرکەوتووی ھەیە لە چەسپاندنی ئارامیی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا، لەو چوارچێوەیەدا باوەڕمان وایە کە حکوومەتی نوێ ھەم دەتوانێ خزمەتی باشتر پێشکەش بە ھاووڵاتییانی ھەرێم بکات و، ھەمیش باڵانس لە نێوان ھێزە سیاسییەکاندا ڕابگرێت و داواکاریی ھەموو لایەن و پێکھاتەکان جێبەجێ بکرێن."
kdp -
