"کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانی له‌ هه‌وڵه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی بۆ یه‌كخستنی هێزه‌كان ده‌كات"

لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان رای گه‌یاند، بڕیاره‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ی هیزێکی تۆکمه‌ی نزیک له‌ ستانداردی جیهانیدا یه‌ک بخرێته‌وه‌ و له‌ كارنامه‌ی حكوومه‌تیشدا هاتووه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش پشتیوانی لەو هەوڵە ده‌كات.

ریڤینگ هروری، ئه‌ندامی لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان رايگه‌یاند: "دوای وتاری سه‌رۆکی حکوومه‌ت له‌ژێر رۆشنایی هێڵه ‌گشتییه‌کانی کابینه‌ی نوێ، لێژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ ڕاپۆرتی خۆیان له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌کانی ناوخۆ ده‌ده‌نه‌ سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ حکوومه‌ت، ناوه‌ڕۆکی راپۆرته‌کانیش چه‌ند جۆرێکه‌، به‌ڵام پێش پێشکه‌شکردنی راپۆرته‌کان، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ کۆ بوونه‌وه‌ ده‌که‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چ شتێک له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌کانی ناوخۆ دایه‌، به‌تایبه‌ت پرسی مووچه‌ و خانه‌نشینی".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌:‌" له‌ كارنامه‌ی حكوومه‌تدا كه‌ دوێنێ چوارشه‌ممه‌ ١٠ی ٧ی ٢٠١٩ مه‌سرور بارزانی له‌ وتارێكدا ئاماژه‌ی پێ كرد، خاڵی زۆر گرنگی تێدا بوو، به‌تایبه‌ت یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و یه‌که‌کانی هه‌شتا و حه‌فتا و گه‌یاندنیان بۆ هێزێكی تۆکمه‌ی نزیک له‌ ستانداردی جیهانی".

ریڤینگ هروری ئه‌وه‌شی خستە ڕوو: "له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا پشتیوانی له‌و هه‌وڵه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌ ئاستی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگهدا‌ ده‌كرێت، به‌تایبه‌تیش كه‌ ئێستا به‌ریتانیا، هۆڵه‌ندا و فه‌ڕه‌نسا هاتوونه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی هاوکاریی کوردستان بکه‌ن له‌ یه‌کخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگەدا‌".










باسنيوز
Top