هەردوو کارگەی دۆشاوی تەماتە لە ھەرێمی کوردستان لە بەرھەم كەوتوون

هەردوو کارگەی دۆشاوی تەماتە لە ھەرێمی کوردستان لە بەرھەم كەوتوون
بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد دوای ماوەیەک کارکردن، ھەردوو کارگەکەی دۆشاوی تەماتە لە سنووری پارێزگای ھەولێر و ھەڵەبجە لەکار کەوتوون و بێ بەرھەمن.


حسێن حەمەکەریم بەڕێوەبەری دارستان و ڕەزگەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاگەیاند چەند ساڵێک پێش ئێستە ھەردوو کارگەی دۆشاوی تەماتە لە ناوچەی ھەریری پارێزگای ھەولێر و پارێزگای ھەڵەبجە، خرانە کار بۆ ئەوەی بە پشت بەستن بە تەماتەی ناوخۆ و ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ جووتیاراندا، دەست بە بەرھەمھێنانی دۆشاوی تەماتە بکەن.


گوتیشی دوای ماوەیەک کارکردن، کارگەکەی ھەریر لەکار کەوت، بەپێی زانیارییەکانیش ماوەیەک کارگەکەی ھەڵەبجەش لە کارکردن وەستاوە، ھەردوو کارگەکە ھیچ بەرھەمێکیان نیە.


باسی لەوەش کرد كە ھۆکاری وەستانی کارگەکان زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ پشت بەستن بە بەرھەمی دەرەكی، قەیرانی داراییش ھۆکارێکی دیکەی لەکار کەوتنیان بووە.


ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ھیوای خواست کە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەھێزکردنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و بە پیشەسازیکردنی بەرھەمەکانی کشتوکاڵ، ڕۆڵی پێویست بگێرێت.
bas news -
Top