وەزیری نوێی گواستنەوە و گەیاندن: هەوڵی كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێت و پەیوەندییەكان دەدەین

وەزیری نوێی گواستنەوە و گەیاندن: هەوڵی كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێت و پەیوەندییەكان دەدەین
وەزیری نوێی گواستنەوە و گەیاندن كە ئەمڕۆ چوارشەممە 10/7/2019، سوێندی یاسای خوارد، ڕای دەگەیەنێت كە هەوڵی كەمكردنەوەی نرخەكانی ئینتەرێنت و پەیوەندی دەدات.

ئانۆ عەبدۆكە، وەزیری نوێی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕايگەیاند: ”پابەندین بەو هێڵە گشتیانەی كە كاك مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتی هەموو خەڵكی كوردستان دەستنیشانی كردووە“.

هاوكات ئەوەی خستە ڕوو كە هەوڵدەدات وەزارەتەكەی بۆ خزمەتی كوردستان بەكاربهێنێت، لە ڕووی تەكنەلۆژیا و لە ڕێی میتۆدی نوێ سود لە ئەزموونی وڵاتانی دیكە وەربگرین، بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بكەین، چونكە ئێستا ئینتەرنێت بووە بە بەشێك لە ژیانی تاك، بۆیە دیراسەیەكی باش بۆ ئەنتەرنێت و تۆڕەكانی پەیوەندی لە هەرێم دەكەین و بە ئەزموونی وڵاتانی تر بەراوردی دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین خزمەت پێشكەش بكەین.

لەبارەی كەمكردنەوەی نرخەكانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەدا: ”ئەم بابەتە یەكێك دەبێت لە ئامانجەكانی ئێمە، بۆ ئەوەی بتوانین نرخێكی گونجاو دابنەین كە بگونجێت لەگەڵ ژیانی خەڵكی كوردستان“.

ڕوونی كردەوە كە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ حزمەتگوزارییە و دژی گەندەڵییە و بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتینە، گوتیشی ”دانانی وەزیرێكی كلدانی سریانی ئاشوری مەسیحی لەناو كابینەی حكوومەتدا، هەرێمی كوردستان وەك نموونەیەكی جوانی پێكەوە ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێڵێتەوە“.








باسنيوز
Top