سەرکردەیەکی گۆڕان: بزووتنەوەی گۆڕان پشتگیریی تەواوی کابینەی بەرێز مەسرور بارزانی دەکات
حەکیم عوبید، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ڕاگەیاند، گۆڕان زۆر بە جددی چووە ناو گفتوگۆکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10-7-2019، پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا، متمانەی بە مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی کابینەکەی بەخشی.
لە وتارێکدا، کە دوای متمانە پێ بەخشینی لە پەرلەمان پێشکەشی کرد، مەسرور بارزانی رایگەیاند،
خواستی یەکەمی هاووڵاتییان و ئەو ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە لە کوردستان.
حەکیم عوبێد هەروەها رایگەیاند، کە کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەت ڕەنگدانەوەی بەرنامەی کاری ھەموو ئەو لایەنانەیە، کە بەشداری کابینەیەکان کردووە و ئەو وەزیرانەی گۆڕانیش ھەموویان ھێزی خۆیان بەکاردەھێنن بۆ ئەوەی ئەم حکوومەتە سەرکەووتوبێت و خزمەتێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان بکات.
لەبارەی کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەت، کە مسرور بارزانی، سەرۆکی کابینەی نۆیەم لە پەرلەمان پێشکەشی کرد، ئەو سەرکردەیەی گۆڕان رایگەیاند: کۆمەڵێک خاڵی زۆر گرنگی تێدایە و گۆڕان ئەو کارنامەیە لە ھەموو پۆست و وەزارەتەکان بە گرنگتر دادەنێت، چونکە کارنامەکە بەشێکی زۆری ئاواتەکانی گەلی کوردستانی تێدایە.
حەکیم عوبێد جەختی لەوە کردەوە، کە ئەرکی سەرشانی ھەمووانە تەواوی کارنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێبەجی بکەین، بۆئەوەی بتوانین خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین.
ئەو سەرکردەیەی گۆڕان پاڵپشتیی تەواوی حزبەکەی بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هیواش دەخوازێ هەموو لایەنە بەشدارەکان بە هەمان گوڕوتینەوە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەت بن بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی.
حەکیم عوبێد بە پێویستیشی زانی کابینەی نوێی حکوومەت بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، کار بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک بکات، بە جۆرێک کەرکووک بگەڕێتەوە بۆ پێش ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر.
basnews
