ھۆشەنگ محەمەد: ئاوارەكان لە دۆخێكی خراپدان و حكوومەتی عێراقیش ھاوكارییان ناكات

 ھۆشەنگ محەمەد: ئاوارەكان لە دۆخێكی خراپدان و حكوومەتی عێراقیش ھاوكارییان ناكات
بەڕێوەبەری ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكانی ئەنجومەنی وەزیران گوتی، دۆخی ئاوارەكانی ھەرێمی كوردستان خراپە و پێویستییان بە ھاوكاری ھەیە، بەڵام حكوومەتی عێراق و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ھاوكارییەكانیان زۆر كەم كردووەتەوە، بۆیە بڕیارە سبەی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان كۆ ببنەوە و تێیدا داواكاریی ئاوارەكانیان پێ بگەیەنن.



ھۆشەنگ محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی عێراق ھاوكارییەكانی زۆر كەم كردووەتەوە بۆ ئەو ئاوارانەی لە كەمپەكانی ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران باس لەوە دەكات، كە لە یاسای بودجەی ئەمساڵدا بودجەیان بۆ تەرخان نەكراوە، ئێستاش تەنھا سەلـەی خۆراك بۆ ئاوارەكان دابین دەكەن و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش ھاوكارییان كەم كردووەتەوە و باس لەوە دەكەن، كە بودجەیان لەبەردەست نییە و زۆرینەیان پڕۆژەكانی خۆیان لە ڕووی تەندروستی و پەروەردەیی و دەروونی و خزمەتگوزارییەوە لە كەمپەكان ڕاگرتووە."



محەمەد گوتیشی: "ئێمە بەردەوام لە كۆبوونەوەداین لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەوەی داواكاریی ئاوارەكانیان پێ بگەیەنین و بەردەوامیش دەبین، هەروەها سبەینێش لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ھەمان مەبەست كۆ دەبینەوە".



ناوبراو باسی لەوەش كرد: "حكوومەتی عێراق نە ھاوكاریی ئاوارەكان دەكات لە كەمپەكان و نە ھاوكارییشیان دەكات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، چونكە زۆرینەی ئەو خەڵكە شوێنیان نییە بۆی بگەڕێنەوە و خانووەكانیان خاپوور كراوە و ھیچ خزمەتگوزارییەكیان نییە و دۆخی ئەمنییش جێگیر نییە، بۆیە ناتوانن بگەڕێنەوە."



ھۆشەنگ محەمەد دەشڵێ: "ئێستا دۆخی ئاوارەكان زۆر خراپە و ژمارەیەكی زۆری خێوەتەكان كاتی گۆڕینیان ھاتووە، بەڵام خیوەت نییە بیگۆڕین، هەروەها خواردن وەكو پێویست نییە و خزمەتگوزاریی تەندروستی و كارەبا و ئاویش كەمە، بۆیە بارگرانییەكی زۆر لەسەر حكوومەتی ھەرێمە و ئێمەش ناتوانین ھەمووی جێبەجێ بكەین، چونكە ئاوارەی ناوخۆ ملیۆنێك و ١٠٠ هەزار كەسن و پەنابەری سووریاش ٢٥٠ هەزار كەسن".
kdp-
Top