لە کابینەی نوێدا کۆمەڵێک پۆست بە کوردانی ئێزدی دەدرێت

 لە کابینەی نوێدا کۆمەڵێک پۆست بە کوردانی ئێزدی دەدرێت
قایمقامی قەزای شنگال گوتی، بڕیارە لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک پۆست بە کوردانی ئێزدی بدرێت، وەکو بریکاری وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی .

مەحما خەلیل ، قایمقامی قەزای شنگال، گوتی: "بڕیار دراوە لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا کۆمەڵێک پۆستی ڕاوێژکار و بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی بدرێتە کوردانی ئێزدی و پارتی دیموکراتی کوردستان حیسابی بۆ کوردانی ئێزدی کردووە و لە کابینەی نوێدا بێبەشی نەکردوون."

مەحما خەلیل گوتیشی: "ھەرکاتێک کابینەی نوێ پێک ھات، پۆستەکانیش دەدرێنە کوردانی ئێزدی و کاندیدیشیان بۆ دیاری دەکرێت."

خەلیل باسی لەوەش کرد: "ڕاستە کە باس لەوە دەکرێت من کاندید کراوم بۆ پۆستی ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان و پارتی من بۆ ھەر پۆستێک دیاری بکات، بە شانازییەوە قبووڵی دەکەم."

جگە لەوەش، شێخ شامۆ بۆ پۆستی ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی دیاری کراوە.


kdp -
Top