بڵند ئیسماعیل: خەڵک ئومێدیان لەسەر کابینەی نوێ ھەڵچنیوە
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی، ڕاگەیاند: "پارتیمان لە دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەکان ھەوڵی داوە لەسەر بنەمای دڵسۆزی و پسپۆڕی باشترین کەسانێک دیاری بکات، تا بتوانن بە لایەنی کەمەوە بەپێی ئەو پێشبینییەی بۆ کابینەی نوێ دەکرێت ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، ھەموو ئەو کاندیدانەی پارتی کە دیاری کراون، پێم وایە خەڵکێکن کە شایستەی ئەو پلە و پایەن."
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "ھەوڵ دراوە کەسانێک لەسەر پشکی پارتی ببنە وەزیر کە لە چوار ساڵی داھاتوودا باشترین خزمەت بە جەماوەری کوردستان بکەن، چونکە جەماوەری کوردستان چاویان لە پارتی و بەرپرسانی پارتییە لەنێو حکوومەتدا."
بڵند ئیسماعیل ڕوونی کردەوە: "لە کابینەی نوێدا زیاتر ھەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی چڕ دەکرێنەوە، بەڵام چاکسازی بە شەو و ڕۆژێک ناکرێت، بێگومان ھەموو ھەوڵێکی پارتی لە کابینەی نوێدا ئەنجامدانی چاکسازی دەبێت، خەڵکی کوردستان ئومێدی لەسەر کابینەی نوێ ھەڵچنیوە و لە ماوەی چەند مانگی داھاتووشدا ئاماژەکانی سەرکەوتنی کابینەی نوێ بەدەر دەکەوێت، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەوەمان لێ چاوەڕێ دەکەن."
kdp -
