وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق زانیاری دەخاتە ڕوو
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ڕايگەیاند: "ئاگاداری كۆبوونەوەكەی ڕۆژی یەكشەممە ٧\٧\٢٠١٩ی نێوان فەرماندەی ئۆپەراسیۆن لە كەركووك و بەرپرسی میحوەری پێنجی پێشمەرگە نیم، كۆبوونەوەكە لە سەربازگەی كەیوان كراوە و بەرپرسی میحوەر و بەرپرسی لێژنەی ناوچەییە، دواتر ڕاپۆرتی كۆبوونەوەكە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ڕەوانە دەكرێت كە چی لە كۆبوونەوەكەدا باس كراوە".
ئەمینداری گشتیی هێزەكانی پێشمەرگە ڕای دەگەیەنێت، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا دوو لیژنەی باڵا لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دروست كراوە، كە لیژنەی باڵای هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە و لێژنەی باڵای هەماهەنگی وەزارەتی بەرگریی عێراقە، جگە لەوە پێنج لێژنە بۆ ناوچەکانی كەركووك، دیالە، مەخمور، ڕۆژئاوای مووسڵ و ڕۆژهەڵاتی مووسڵ دروست كراوە، كاری ئەم لێژنانە كۆبوونەوە و هەماهەنگییە بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەدژی داعش".
ڕوونیشی كردەوە: "هەموو ئەو كۆبوونەوانەی كە بەرپرسی لێژنەی ناوچەكان دەیكەن، دواتر ڕاپۆرتەكانیان ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن، كۆبوونەوەی ڕۆژی یەكشەممە ٧\٧\٢٠١٩ کەلە خانەقین و دیالە كراوە، ئێمە ئاگادار بووین كە ئەنجام درا، بەرپرسی لێژنەی ناوچەكان لە كۆبوونەوەكەدا بوون".
بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ دووشەممە كۆبوونەوەیەكی دیكە لە خورماتوو ئەنجام دەدرێت.
باسنيوز
