پەرلەمانی عێراق لەبارەی بوونی پەکەکە لە شنگال نووسراوێک ئاراستەی حکوومەت دەکات
پەرلەمانی عێراق لەبارەی بوونی چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شاری شنگال نووسراوێک ئاراستەی حکوومەتی وڵاتەکەی دەکات.
وەیس نایف، سەرۆکی ئەنجومەنی شارۆچکەی شنگال راگەیاند، کە پەرلەمانی عێراق چەند رۆژێک پێش ئێستا نووسراوەکەی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە.
لە نووسراوەکەدا، پەرلەمانی عێراق داوای لە حکوومەت و سوپای وڵاتەکەی کردووە چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە شنگال دەربکات و ئارامیی بۆ خەڵکی ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.
دوای رزگارکردنەوەی شنگال لەژێر داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە کۆتایی ساڵی 2015 لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، چەکدارانی پەکەکە چوونە ناو شارەکە و چەند بارەگایەکیان کردەوە.
چەکدارەکانی پەکەکە سەرانە لە هاووڵاتییان وەردەگرن و منداڵان بە مەبەستی چەکدارکردن دەڕفێنن.
باسنیوز
