كێشەی قوتابخانەکانی هەرێمی كوردستان بە ڕێگەیەكی نوێ چارەسەر دەكرێ
بڕیارە بۆ ئەمساڵی خوێندن (٢٠١٩ – ٢٠٢٠)، بە شێوازێکی جیاوازتر لە ساڵانی پێشوو، گیروگرفتی قوتابخانەکان دیاری بکرێ و ڕێگەچارەسەری پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە.
شەھێن عوسمان بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە ڕاگەیاند پلانێكی نوێ بە ناوی پڕۆسەی ھەڵسەنگاندنی دەرەکی جێبەجێ دەكرێ، کە لیژنەیەکی سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە قوتابخانەیەک دەمێننەوە و لە نزیکەوە لە ژینگەی قوتابخانەکە و بارودۆخی قوتابی و مامۆستایان و پێداویستی و کەموکورتیەکانیان دەکۆڵنەوە.
گوتیشی لەو ماوەیەدا لیژنەکە تەواوی کەم و کورتیەکان لە ڕاپۆرتێکدا کۆدەکەنەوە و بە مەبەستی چارەسەرکردنی، دەیدەنە لایەنی پەیوەندیدار.
هەروەها باسی لەوە کرد كە ئەو ھەڵسەنگاندنە بۆ یەکەم جارە لە پەروەردەی قەزاکان جێبەجێ بکرێت کە لە ئەمساڵی خوێندنەوە کاری لەسەر دەکرێت و بەم ھۆیەوە پڕۆسەی خوێندن پێشکەوتنی باش بە خۆیەوە دەبینێ و گرفتەکان کەمتر دەبنەوە.
bas news -
