فراكسیۆنی زەرد: لە تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكاندا ھاووڵاتی و حكوومەتیش سوودمەند دەبن

	 فراكسیۆنی زەرد: لە تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكاندا ھاووڵاتی و حكوومەتیش سوودمەند دەبن
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی، وەك فراسیۆنی زەرد پڕۆژیاسایەكیان پێشكەشی پەرلەمان كردووە لەبارەی تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان و، بەپێی پڕۆژەكەش ھەم ھاووڵاتی و ھەمیش حكوومەت سوودمەند دەبن.

خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕاگەیاند: "پڕۆژەیاسای تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان تەنھا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و ھێشتا راپۆرتی لەسەر ئامادە نەكراوە، ھەر كاتێكیش راپۆرتی لەسەر ئامادە كرا، خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكرێت و دواتریش پەسەند دەكرێت".

ناوبراو گوتیشی، ئەو پڕۆژەیاسایە فراكسیۆنی زەرد پێشكەشی كردووە، چونكە لە ھەموو شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان خانووی زیادەڕۆ دروست كراون و خەڵكیش تێیاندا نیشتەجێ كراون، بۆیە ناتوانن خەڵكی لێ دەربكرێت و پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و ئەمەش پێویستی بە یاسا ھەیە، بۆیە لە چوارچێوەی یاسادا ئەو پرسە رێك دەخرێت.

عومەر باسی لەوەش كرد، تاپۆكردنی ئەو خانووانە كۆمەڵێك مەرجی ھەیە، لەوانەلە ناوشارەكان نابێت لە ٢٠٠مەتر زیاتر بێت و لە قەزاكان نابێت لە ٢٥٠مەتر زیاتر بێت و ناحیەكانیش لە ٣٠٠مەتر نابێت زیاتر بێت، بە مەبەستی تاپۆكردنیشی، بۆ ھەر مەترێك بڕێك پارە لە خاوەنەكەی وەردەگیرێت، ئەمەش دەبێتە داھاتێك بۆ حكوومەت و جگە لەوەش ھەر خانوویەك كاریگەری لەسەر ماستەرپلانی شارەوانییەكان ھەبێت، تاپۆ ناكرێت، بۆیە ھەر وا بەئاسانی نابێت و بە شێوەیەكی زۆر باش ئەو كارە دەكرێت و لە چوارچێوەی یاسادا رێك دەخرێت.

kdp -
Top