نێچیرڤان بارزانی ماڵئاوایی لە وەزیرەکانی كابینەی هەشتەم كرد

نێچیرڤان بارزانی ماڵئاوایی لە وەزیرەکانی كابینەی هەشتەم كرد
ئەمشەوی شەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێورەسمێكی ماڵئاواییدا بە بۆنەی كۆتاییهاتنی كابینەكەی، سوپاسی وەزیرەكانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، راشیگەیاند هەموو پشتگیرییەك لە سەرۆك وەزیرانی نوێ دەكات.


لەمبارەوە نێچیرڤان بارزانی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی "سوپاسی ئەندامانی کابینەی ھەشتەم و گشت کارمەندانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەكەم کە لە دۆخێکی زۆر سەختدا خزمەتیان کرد. ھەموو پشتگیرییەکیش لە سەرۆک وەزیرانی داھاتوو و کابینەکەی دەکەم، خودا کوردستان بپارێزێت".


سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا رایگەیاند كە بە بۆنەی كۆتاییهاتنی كابینەی هەشتەم و نزیكبوونەوەی راگەیاندنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، سوپاسی وەزیرەكانی كابینەی رابردوو و قوباد تاڵەبانی جێگری دەكات كە لێبڕاوانە خزمەتیان كردووە و پشتیوانی بوون.


هەروەها رایگەیاند لە قۆناخی رابردوودا تووشی سەختیەكی زۆر بوونەوە بە هۆی شەڕی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و هاوكات بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەوڵەتی فیدراڵییەوە، دووپاتیشی كردەوە كە دەبێ لەمەودوا حكوومەتی عێراق پێگەی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی لەبەرچاو بگرێت و بەم شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵ بكات.


چاوەڕوان دەكرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو رابگەیەندرێت.

bas news -
Top