پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی پەیوەستە بە سازانی لایەنەكانەوە
رێبوار ھادی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دادگای فیدراڵی خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە و تەنھا ماوە دووبارە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت و لایەنەكان لەسەری بگەنە رێككەوتن و دابڕێژرێتەوە و راپۆرتی كۆتایی لەبارەوە ئامادە بكرێت بۆ پەسەندكردن، چونكە ئەوەی لە حكوومەت بۆ ئێمە ھاتووە ھەموو لایەنەكان تێبینییان لەسەر ھەیە، بۆیە تێپەڕبوونی ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانە بۆ پەسەندكردن كە دەكاتە دەنگی ٢٢٠ پەرلەمانتار، بۆیە بێ سازان، پەسەندكردنی ئەستەمە".
ھادی گوتیشی: "تێبینی و داواكاریی كورد لەو پڕۆژەیاسایەدا ئەوەیە، كە لە ماددەی دوو باسی دادوەرەكان و شارەزای ئایینی و یاسایی دەكات و ئێمە پێمان وایە شارەزایانی ئایینی پێویستە تەنھا لە پرسە ئایینییەكان رایان ھەبێت و ئەوانەی شارەزای یاساشن، تەنھا لە پرسە یاساییەكان دەنگیان ھەبێت و لە پرسەكانی دیكە تەنھا دادوەرەكان مافی دەنگدانیان ھەبێت، سەبارەت بە ماددەی سێیەمیش، ئێمە داوا دەكەین سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیش مافی ئەوەی ھەبێت دادوەرەكان دیاری بكات بۆ دادگای فیدراڵی، هەروەها لە ماددەی پێنجیشدا باسی تایبەتمەندییەكان دەكرێت و پێمان وایە پێچەوانەی دەستوورە، چونكە سێ تایبەتمەندی بۆ زیاد كراوە و پێویستە لاببرێن".
دەشڵێ: "ئێمە داوامان كردووە ئەو پرسانەی تایبەتن بە ھەرێم و پارێزگاكانەوە، پێویستە بە سازان تێپەڕێندرێن، بەڵام ئەوان داوا دەكەن بە دوو لەسەر سێی دەنگەكان بێت، بۆیە ئەگەر ئەو تێبینی و داواكارییەی ئێمە جێبەجێ نەكرێت، دەنگ بەو پڕۆژەیاسایە نادەین".
kdp -
