پەرلەمان ئیدانەی تۆپبارانكردنی سنوورەكانی كرد.. خوێندنەوەش بۆ پێشنیازی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان كرا

پەرلەمان ئیدانەی تۆپبارانكردنی سنوورەكانی كرد.. خوێندنەوەش بۆ پێشنیازی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان كرا
سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2019/7/6، بە سەرۆكایەتیی د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (10)ی ئاسایی خولی بەهارە لە ساڵی یەكەمی خولی پێنجەمی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو.

سەرەتا د. ڤاڵا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە ناوی خوا و گەلی كوردستانەوە دانیشتنەكەی كردەوە، دواتر لەلایەن مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، بەرنامەی كاری دانیشتنەكە خوێندرایەوە كە لە سێ خاڵ پێك هاتبوو، خاڵی یەكەم بریتی بوو لە پێشنیازی یاسای مرۆڤسازی لە هەرێمی كوردستان، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە پێشنیازی یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لە سنووری شارەوانییەكان لە هەرێمی كوردستان، خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە پێشنیازی یاسای هەمواری یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2009 یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها كۆنووسی دانیشتنی پێشوو و ناوی ئەندامانی ئامادەنەبوو و مۆڵەتپێدراو خوێندرایەوە.

بەر لە خستنەڕووی بەرنامەی كار، سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند: "بە ناوی پەرلەمانی كوردستانەوە ئیدانەی تۆپبارانكردنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و ئیدانەی كوشتن و برینداركردنی خەڵكی سیڤیل لەو ناوچانە دەكەین"، راشیگەیاند: "بەپێی دەستووری عێراق و یاسا بەركارەكانی حكوومەتی فیدراڵ، پاراستن و رێگەگرتن لە سەروەریی خاكی عێراق لە ئەستۆ و بەرپرسیاریەتیی حكوومەتی ناوەنددایە و پێویستە رێككاری پێویست بۆ پاراستنیان بگرێتە بەر و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و زیانلێكەوتووانیش لەو چوارچێوەدا لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراقە".

دواتر بەپێی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، كە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی یەكەمی پێشنیازی یاسای مرۆڤسازی لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی لیژنەی یاسایی بە دوو هۆكار داوای كرد خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەكە نەكرێت، یەكەمیان بە هۆی ئەوەی پێشنیازی یاساكە پێویستی بەرەزامەندیی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێم هەیە و لە هەمان كاتیشدا هەردوو وەزارەتەكە دەبێـت كۆنگرە ببەستن بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتیی ناوەڕۆكی پێشنیازی یاساكە و خاڵی دووەمیش ئەوەی كە لە پێشنیازی یاساكەدا هۆكارەكانی دەرچوون بەروونی ئاماژەی پێ نەكراوە، بۆیە داوای دواخستنی پێشنیازی یاساكە دەكەن، بەم جۆرە سەرۆكی پەرلەمان دواخستنی خوێندنەوەی یەكەمی پێشنیازی یاسای مرۆڤسازی لە هەرێمی كوردستانی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پێشنیازەكە پەسند كرا.

خاڵی دووەمی بەرنامەی كاریش تایبەت بوو بە ‌پێشنیازی یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لە سنووری شارەوانییەكان لە هەرێمی كوردستان، لەلایەن لیژنەی یاساییەوە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا و سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی كرد بۆ كارلەسەركردنی.

خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە پێشنیازی یاسای هەمواری یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2009 یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی یاساییەوە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا و ئاراستەی لیژنەی یاسایی و لیژنە پەیوەندیدارەكان كرا بۆ ئەنجامدانی رێككارە یاساییەكانی، سەرۆكی پەرلەمان داوای لە لیژنەی یاسایی و لیژنە پەیوەندیدارەكان كرد هەر ئەمڕۆ كۆببنەوە بۆ تاووتوێكردنی و ئامادەكردنی راپۆرت لەسەری. ئەوەشی راگەیاند كە سەعات 11ی پێشنیوەرۆی بەیانی 7/7/2019 دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەست پێدەكاتەوە بۆ تەواوكردنی رێككارە یاساییەكانی ئەو پڕۆژە پێشنیازە.

kdp -
Top