ھاتوچۆی ھەولێر ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی لابردنی غەرامە دەخاتە ڕوو
دوای ئەوەی ھاووڵاتییان گلەییان لەبارەی ھاتنەوەی باج لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی فرۆشتوویانە و چووەتە خوارووی عێراق دەربڕی، موقەدەم فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر ب ڕاگەیاند: ”لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر عەرەبەکان دۆخەکەیان قۆستەوە، ئەو ئۆتۆمبلانەیان دەکڕی کە غەرامەیان لەسەرە و وەکالەیان بۆ دەکرا، خەڵکانێک کاسبییان پێوە دەکرد، بۆ نموونە بارھەڵگرێکی بەناو دەکرا و دواتر لەکاتی فرۆشتنی وەکالەتی بۆ عەرەبێک دەکرد، لەبەرامبەر ئەم کارە ھەزار دۆلاری وەردەگرت، لەبەر ئەوەی لە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆ ئۆتۆمبێلەکە بەناوی کڕیار نەکراوە و ھەر لەسەر ناوی خاوەنی یەکەمی ماوەتەوە، ئەوا ھەموو یاساکان لەسەر ئەو جێبەجێ دەکرێت، لەبەر ئەوەی ئێمە وەک لایەنی حکوومی ئاگادار لە فرۆشتنی نەکراوینەتەوە، لە دادنووس وەکالە بۆ کڕیار کراوە و ئەویش ڕۆشتووە، لەو حاڵەتەش ھەموو باج لەسەر خاوەنە کۆنەکەی کۆ دەبێتەوە“.
لەبارەی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، فازڵ حاجی ئاماژە بەوە دەدات: ”ئێستا ئەو بڕیارە ڕاگیراوە پێش مانگی ڕەمەزان شاندێکی دانوستانکاری ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەند لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆیان کرد، بڕیار درا کە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی ژمارە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک ڕابگیرێت، ھەروەھا بڕیارە بە لیستێک ناوی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دوای 16 ئۆکتۆبەرەوە عەرەبەکان کڕیویانە و بردوویانەتە خوارووی عێراق، ساڵنامە و پلێتەکانیان بۆ ئێمە بنێرن“.
ڕوونیشی کردەوە کە بۆ سڕینەوەی غەرامەکان، دەبێ لەڕێی وەزارەتی ناوخۆوە ڕەزامەندی لە پەرلەمان و وەزارەتی دارایی وەربگیرێت، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیش نزیکەی 200 ھەزار ئۆتۆمبێل دەبن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک خەمخۆرییەک بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان زەرەرمەند نەبن، لەگەڵ حکوومەتی ناوەند دانوستان دەکات.
باسنيوز
