لەشکری رۆژ: (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان هەڵەیەکی گەورەی کرد.
فەرماندەی لەشکری رۆژ ریدەگەیەنێت، کە پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان ”هەڵەیەکی گەورە“ی کرد.
محەمەد ڕەجەب، فەرماندەی لەشکری پێشمەرگەی رۆژ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، پێشمەرگەی رۆژی هەرگیز نەیگوتووە دەبێتە بەدیلی پەیەدە، بەڵکو گوتویەتی دەبێتە“هاوپارێز“ی رۆژئاوای کوردستان.
محەمەد رەجەب هەروەها رایگەیاندووە، ئەمەریکا ناوبژیوانیی لە نێوان پەیەدە و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) دەکرد بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی ڕۆژ بۆ ڕۆژئاوا، کەچی پەیەدە قبووڵی نەکرد و بەمەش ”هەڵەیەکی گەورە“ی کرد.
ئەو فەرماندەیە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەرکی کورد پاراستنی خاکی رەققە و دێرەزوور نییە و سیاسەتی هەڵەی پەیەدە بووە هۆی ”لەدەستدانی خاکی ڕۆژئاوای کوردستان“.
لەشکری رۆژ لە هەزاران پێشمەرگە پێک دێت، کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و بەهۆی زەبروزەنگی پەکەکە و پەیەدەوە ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان لە رۆژئاوای کوردستان بەجێ بهێڵن و ئاوارەی باشووری کوردستان بن.
پێشمەرگەکانی ئەو هێزە، کە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەشقیان پێ کراوە و رێکخراون، رۆڵێکی کاریگەریان لە شکستهێنان بە هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، هەبوو، هاوشانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا و کشانەوەی ھێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە لەڕێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستانـەوە، دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنیوز
