مەسرور بارزانی و نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ سووریا کۆ بوونەوە

 مەسرور بارزانی و نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ سووریا کۆ بوونەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/7/2019 مەسرور بارزانی ڕاسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فرانسوا سینیمو نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ سووریا و شاندی یاوەری کرد.



لەم دیدارەدا، کە کونسوڵی گشتیی فەرڕنسا لە ھەولێر ئامادە بوو، دوا پەرەسەندن و پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی فەرەنسا و كوردستان تاوتوێ کران.



مەسرور بارزانی پشتیوانی و یارمەتییەکانی فەڕەنسای بۆ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشە و پرسە هەڵواسراوەکان.



لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و پەرەسەندنی رەوشی سووریا ئاڵووێر کرا و جەخت کرایەوە، کە پێویستە لە هەر چارەسەرێکدا گەرەنتی مافی هەموو پێکهاتەکان بکرێت و تەواوی هێزە نیشتمانییەکان لە داڕشتنەوەی ئایندەی وڵاتەکەدا بەشدار بن.



لە بەرانبەردا نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ سووریا وێڕای بە ئاوات خواستنی سەرکەوتن بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی لە درێژەدان و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە و رای گەیاند، وڵاتەکەی لە پشتیوانی و هاوکاریی هەرێمی کوردستان بۆ پێشکەوتنی زیاتر بەردەوام دەبێت.





باسنیوز
Top