بەرپرسێکی پارتی: ئەو ناوانەی تائێستا بڵاوکراونەتەوە هیچیان نابن بە پارێزگاری کەرکووک

 بەرپرسێکی پارتی: ئەو ناوانەی تائێستا بڵاوکراونەتەوە هیچیان نابن بە پارێزگاری کەرکووک
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە تاوەکوو ئێستا حزبەکەی لەسەر هیچ ناوێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ڕەزامەندی دەرنەبڕیوە و سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش وردەکاریی لەبارەی یەکلاکردنەوەی پرسەکە ئاشکرا دەکات.



د. فەرهاد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، ، ئەو ناوانەی لە راگەیاندنەکان بڵاو کراونەتەوە، ”ھیچیان نابنە پارێزگاری کەرکووک“، لەنێویاندا (خالید شوانی و لیوا جەمال تاھیر).



جەختیشی کردەوە کە ئەو کەسانەی لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە گلاون، چانسی گەیشتنیان بە پۆستی پارێزگاری کەرکووک نابێت و سەرکردایەتیی پارتی ئەوانەی ڕەت کردووەتەوە. گوتیشی: ”تائێستا ھیچ ناوێک لە ناوەکان رەزامەندییان لەسەر نەدراوە، چاوەڕوانی ھەردوو شاندی پارتی و یەکێتی دەکەین لەو بارەوە".



لە لایەکی دیکەوە، ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند کە ئەوان هیوایان بە دوایین کۆبوونەوەی نێوان حزبەکەیان و پارتی هەیە و پێیانوایە کە لەمپەرەکان نەماون.



ڕوونیشی کردەوە کە هەفتەی داهاتوو سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە و ناوی کاندیدەکانی یەکلایی دەکاتەوە، چونکە ”تەنیا حەوت ڕۆژ بۆ کۆتا وادەی پێکھێنانی حکوومەت ماوە، بۆیە دەبێ لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا ناوی کاندیدەکان بگاتە پەرلەمان“.



ئەوەی ڕوونکردەوە کە کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ڕاستەوخۆ دوای ڕەزامەندیی فەرمی پارتی لەسەر ناوی پارێزگاری کەرکووک دەبێت.




باسنیوز
Top