زانا مەلا خالید: رۆژی 11-7-2019 پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە بۆ ”پێکهێنان“ی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان وادەی متمانەدان بە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.
زانا مەلا خالید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە، پرسی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلای حزبەکەی، کە خاوەنی 45 کورسیی پەرلەمانە، ”کۆتایی هاتووە“.
زانا مەلا خالید هەروەها رایگەیاندووە، کە رۆژی 11-7-2019 پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە بۆ ”پێکهێنان“ی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ”ئەو پەیامەش گەیاندراوەتە ئەو لایەنانەی دەیانەوێ بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بکەن“.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێ هەموو لایەنەکانیش تا رۆژی 11ـی مانگ کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن، ئەگینا ”ئەگەر لایەنێک ناوی کاندەکانیان تا 11ـی مانگ ڕادەست نەکات ئەوە کابینە پێک دێت و جێگەیان دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی ناوەکان ڕادەست دەکرێن“.
پێشتر لە رۆژی سێشەممە 2-7-2019، حاجی مەسیفی، کارگێڕی مەڵبەندی سێی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ”ئەگەرێکی زۆر ھەیە تاوەکو دوو ھەفتەی دیکە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک بھێنرێت“.
رۆژی 30-6-2019، پەرلەمانی کوردستان کۆ بووەوە و خولی بەهارەی خۆی 15 رۆژ درێژ کردەوە.
رۆژی سێشەممە 11-6-2019، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوزەد کرد و دواتریش ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، نووسراوی ناوزەدکردنەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نارد.
رۆژی چوارشەممە 12-6-2019، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راسپارد.
باسنیوز
