نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لە بەرنامەی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەکات

 نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لە بەرنامەی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 2/7/2019 مەسرور بارزانی، راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خاتوو جینین هینیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.



لەم دیدارەدا، وێڕای تاوتوێکردنی پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا و رەوشی ناوچەکانی تایبەت بە ماده‌ی (١٤٠) تاوتوێ کرا و جەخت لە چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور کرایەوە.



لە دیدارەکەدا مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ڕۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان، لەنێویاندا ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک و ئادەدانکردنەوەی ناوچە زیانمەندەکانی شەڕی تیرۆریستان داعش و رایگەیاند، چاودێری و سەرپەرشتکردنی پرۆسەکە لەلایەن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بە پێویست دەزانرێت .



لەلای خۆیەوە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق خۆشحاڵی خۆی بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشڤەچوونەکانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی و پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ هەوڵ و بەرنامەی حكومەتی داهاتوو لە بواری چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشە و پرسە هەڵواسراوەکان نیشاندا.









باسنیوز
Top