ھیوا گەیلانی: پەكەكە لە پشدەر و بیتوێن سەرانە و باج لە خەڵكی وەردەگرێت

ھیوا گەیلانی: پەكەكە لە پشدەر و بیتوێن سەرانە و باج لە خەڵكی وەردەگرێت
بەرپرسی لقی ١١ی پارتی لە دەڤەری پشدەر و بیتوێن ئاشكرای كرد، پەكەكە دەستی بەسەر ناوچەیەكی بەرفراوانی ئەو سنوورەدا گرتووە و باج و سەرانەش لە خەڵكی ھەرێمی كوردستان وەردەگرێت. دەشڵێ، دانیشتووانی ھەندێ گوند بە بێ فەرمانی پەكەكە ناتوانن ھاتوچۆ بكەن.

ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەستیان بەسەر ناوچەیەكی بەرفراوانی سنووری ھەرێمی كوردستاندا گرتووە، بە تایبەتی لە سنووری ھەردوو قەزای رانیە و قەلادزێ، جگە لەوەی رێگرن لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوندی ناوچەكە، ئەو گوندانەشی كە ئاوەدانن و خەڵكیان تێدا نیشتەجێیە، بەدەست چەكدارانی پەكەكەوە ھەراسان بوونە".

بەرپرسی لقی ١١ی پارتی گوتیشی: "چەكدارانی پەكەكە لە بناری قەندیل و زۆر شوێنی دیكەی ئەو سنوورە، رێگە بە دەزگا خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش نادەن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری، ھەر ئەو سیاسەتەش وای كردووە بیانوو بدرێتە دەست وڵاتی توركیا بۆ بەئامانجگرتنی ناوچەكە، دواجار ھەر ھاووڵاتیانی سڤیلی ھەرێمی كوردستان باجی ئەو ھەڵەیەی پەكەكە دەدەن و دەبنە قوربانی".

گەیلانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "چەكدارانی پەكەكە لەسەر سنوورەكان سەرانە لە ھاووڵاتیان وەردەگرن و ھیچ كەسێك بە بێ دانی باج ناتوانێت ھیچ كەلوپەلێك بگوازێتەوە، تەنانەت كار گەیشتووەتە ئەوەی بە بێ فەرمانی پەكەكە گوندنشینان ناتوانن ھاتوچۆ بكەن و سەردانی ناوچەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان بكەن".

قائید میرۆ


kdp -
Top