شارەزایەك: ئەو كارەی پەكەكە دەیكات زیان بە ھەموو لایەك دەگەیەنێت
د. مووسا كەڤاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە پەكەكە ھاوكار بێت و دەستكەوتەكانی ھەرێمی كوردستان پارێزراو بن، ھەر دەستوەردانێكیش لە خاكی ھەرێم بێ پرسكردن بە ھەرێمی كوردستان، قابیلی قبووڵ نییە، چونكە لە ھەرێمی كوردستان پەرلەمان و حكوومەت و پێشمەرگە ھەیە، بۆیە پێویستە پەكەكە نەبێتە ھۆكارێك بۆ ئەوەی وڵاتانی دیكە ھێرشی سەر ھەرێمی كوردستان بكەن بە ھۆی ئەو چالاكییە سەربازییانەی ئەوان ئەنجامی دەدەن، ئەو كارەش كە پەكەكە ئەنجامی دەدات، لە جێگەی خۆی نییە و جگە لە زیان، ھیچ سوودێك بە ھیچ لایەنێك ناگەیەنێت".
كەڤاڵ گوتیشی: "ئەو كارەی پەكەكە دەیكات، زیان بە ھەموو لایەك دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە كێشەكان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن نەك بە شەڕ و بێن كێشە بۆ ھەرێمی كوردستان دروست بكەن و پەیوەندیی نێوان ھەرێم و وڵاتانی دراوسێش تێك بچێت".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، ھەرێمی كوردستان ھەمیشە ھەوڵی داوە بۆ ئەوەی كێشەی پارچەكانی دیكەی كوردستان لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە چارەسەر بكرێن، نەك لە رێگەی شەڕەوە، چونكە شەڕ ھیچ كاتێك نابێتە شوێنگرەوەی ئاشتی و ھیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات.
kdp -
