فەرماندەی ھێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور: پەکەکە بیانووی بۆردومانکردن دەداتە تورکیا
لیوا شێرکۆ زەنگەنە، فەرماندەی ھێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری ھەرێمی کوردستان، سەر بە حکوومەتی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو ھێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور ڕۆژانە حکوومەتی عێراق لەو زیانانەی بەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەون، لە زیانی ماددییەوە تا دەگاتە بریندارکردن و شەھیدکردنی ھاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە، بەڵام تورکیا تاکە بیانووی بۆ ئەوەی کە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات، ھەبوونی پەکەکەیە لەو ناوچانە."
لیوا شێرکۆ زەنگەنە گوتیشی: "جگە لەوەش ئێمە لە ڕێگەی حکوومەتی عێراقەوە بەردەوام تورکیاش لەو پێشێلکاریانەی دەیکەن لە خاکی ھەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە، چونکە زیانی زۆر بەر خەڵکی ناوچە سنوورییەکان کەوتووە و لە دۆخێکی زۆر خراپدان و بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێدان."
زەنگەنە باسی لەوەش کرد: "حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام لەگەڵ تورکیا لەسەر خەتە، بۆ ئەوەی بۆردوومان ڕابگرن، بەڵام داوا لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان دەکەین لە پەکەکە و شوێنی بۆردوومان نزیک نەکەونەوە، لەبەر ئەوەی زیانیان بەردەکەوێت."
زەنگەنە گوتیشی: "لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو زیانی زۆری ماددی و گیانیش بەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان کەوتووە و ئێمەش ھەموومان بەوردی بۆ بەغدا ناردووە، بەڵام ئێستا وردەکارییەکەمان لەبەردەست نییە."
kdp -
