نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی ئەنجامی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر دەکات
نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی کۆبوونەوەکانی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکات، کە بەهۆی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر هاتە کایەوە.
ناسر ھەرکی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان و بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، لێژنەیەک لە هەر سێ پیکهاتەی کورد، عەرەب و تورکمان پێک هات.
لێژنەکە تاوتوێی چۆنێتیی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچە کوردستانییانە دەکات و هەروەک ناسر هەرکی رایگەیاندووە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەندامە لەو لێژنەیە و چاودێریی ئاساییکردنەوەکە دەکات.
ناسر هەرکی، کە لێدوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی داوە، گەشبینیی خۆی بە لێژنەکە نیشان داوە و رایگەیاندووە، ”چاوەڕێ دەکەین بگەنە ئەنجامێک“.
بەهۆی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە داگیر کران و بەرپرسانی شەرعیی ئەو ناوچانە لە کارەکانیان دەرکران.
باسنيوز
