پەکەکە هێزێکی تایبەتی بۆ چەکدارکردنی منداڵان و نەوجەوانانی هەرێمی کوردستان درووست کرد

پەکەکە هێزێکی تایبەتی بۆ چەکدارکردنی منداڵان و نەوجەوانانی هەرێمی کوردستان درووست کرد
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێزێکی بە مەبەستی چەکدارکردنی منداڵان و گەنجانی باشووری کوردستان درووست کرد.

میدیای فەرمیی پەکەکە تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە کە تێیدا درووستکردنی هێزێکی نوێ بە ناوی (هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی باشووری کوردستان) ڕاگەیاند.

ئەو هێزە، وەک سەرجەم هێزەکانی دیکەی پەکەکە، سەر بە هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)یە، بەڵام پەکەکە دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو هێزەوە، زیاتر کار بۆ چەکدارکردنی منداڵان و گەنجانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی باشووری کوردستان بکات.

پێشتر بەرزان حامد، سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕايگەیاند: "ئاگاداری ئەوەین منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ چووەتە ناو ڕیزەکانی پەکەکە، بەڵام ئەوەی نیگەرانی بۆ ئێمە دروووست کردووە، ئەو کەسانەی پەیوەندی بە ڕیزەکانی پەکەکەوە دەکەن، لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵەوەن، ھەرچەندە بەپێی یاسا ھیچ حزبێک مافی ئەوەی نییە کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ چەکدار بکات و بەبێ ڕەزامەندیی دایک و باوکی منداڵەکە ڕەوانەی شوێنێکی ھەستیاری تایبەت بە شەڕیان بکات“.

جەختیشی کردەوە کە ھەر خێزانێکی سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەگەر منداڵی لەلایەن پەکەکەوە براوە یان فریو دراوە، ”باشترە لای ئێمە سکاڵا تۆمار بکەن، چونکە ئێمە بۆ خۆمان بەدواداچوونی جددی بۆ دەکەین و داوا لە دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، ڕێگە لەو کارە بگرن، چونکە ئەوە کارێکە لەڕووی یاساییەوە ڕێگەپێدراو نییە“.

سەرۆکی ئەو لێژنەیەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسیشی لەوە کرد کە فریودانی مێردمنداڵ و کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لەلایەن پەکەکە، ”کارێکی نەشیاوە و دوورە لە بەھاکانی مرۆڤایەتی، چونکە لەھیچ وڵاتێکی دنیادا ڕێگە بەوە نەدراوە گروپ و ڕێکخراوەکان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ چەکدار بکات“.

هۆشداریی توندیشی لەوە دا کە چەکدارکردنی کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ، ”زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دانیشتووانی شاری سلێمانی، چونکە دڵی ھەزار دایک و باوک دەخاتە مەترسییەوە، پێویستە پەکەکە واز لەوکارە بھێنێت و باشترە واز لە منداڵان بھێنێت، تاوەکوو دوای بەرجەستەکردنی حەز و ئاواتەکانی خۆیان بکەون، نەوەکوو فریو بدرێن و چەکدار بکرێن“.








باسنيوز
Top