بەرپرسێکی گۆڕان: یەکێتی لە سلکی سەربازیدا سزای ئەفسەرەکانمان دەدات
دانا عەبدولکەریم، ڕێکخەری ژووری حکوومەت و پەرلەمان لە بزووتنەوەی گۆڕان، ڕايگەیاند: ”تاوەکوو ئێستا سزای سیاسی نەوەکوو لەسەر ئەفسەرەکانمان، بەڵکو لەسەر ئەندامەکانی گۆڕان بەردەوامە، بەجۆرێک سزای سیاسیی گۆڕان لەناو دامودەزگا حکوومییەکان و دامەزراوە سەربازییەکان بەردەوامە“.
ڕوونیشی کردەوە: ”ڕاستە گۆڕان لەناو حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی، پێگەیەکی بەھێزی ھەیە، بەڵام ئێمە بە یەکچاو سەیری فەرمانبەران دەکەین و جیاوازی ناکەین، بەڵام گۆڕانخوازان زیاتر لەو شوێنانە سزای سیاسی دەدرێن کە خۆی لە سلکی سەربازی دەبینێتەوە و لەناو سلکی سەربازیدا کار دەکەن، بێگومان ئەوەش یەکێتی لێ بەرپرسیارە“.
جەختی لەوەش کردەوە: ”ھەستمان بەوە کردووە کە بەردەوام سزای ئەفسەرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەدرێت، ھەرچەندە لەماوەی ڕابردوودا ئێمە وەزیری ناوخۆمان ئاگادار کردووەتەوە کە لە سنووری سلێمانی لەناو ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە سزای ئەفسەرەکانمان دەدرێت، بەڵام وەزیری ناوخۆ زۆر تەداخولی نەکردووە، چونکە لەسەر بنەمای دوو ئیدارەیی مامەڵەیان کردووە“.
دانا عەبدولکەریم، ئاماژەی بەوەش دا، بزووتنەوەی گۆڕان بڕوای بەوە ھەیە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی ھەموو خەڵکی کوردستانە، پێویستە لەکاتی دەوامی فەرمیدا چ لە بوای سەربازی و مەدەنی بێت، دەبێت خزمەت و توانا و لێھاتوویی فەرمانبەران لەبەرچاو بگیرێت، نەوەکوو بەھۆی حزبایەتییەوە سزا بدرێن، ھەروەھا ”ئێمە یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنمان بۆ چوونە نێو کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەم کابینە نوێیە ببێتە حکوومەتێکی خزمەتگوزار و حکوومەتی ھاووڵاتی“.
باسنيوز
