ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران دەکرێت
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات.
بەپێی زانیارییةكان لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە پێی دراوە، لە گەنجینەکانی هەرێمی کوردستاندا پرۆسەی وردبینیکردن لە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران کۆتایی هاتووە.
ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە کە دوای ئەوەی پارەی تەرخانکراوی مووچە لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە ڕادەستی وەزارەتی دارایی دەکرێت، دابەشکردنی مووچە دەست پێ دەکات.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەرچەندە مانگانە لە ٥ی هەموو مانگێک دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ٥ی ٧ی ٢٠١٩ دەکەوێتە ڕۆژی هەینی، لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ٧ی ٢٠١٩ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ٤ی فەرمانبەران دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە مووچەی مانگی ٣ی ٢٠١٩، بەهۆی هاتنی جەژنی رەمەزان، هەفتەیەک زووتر لە کاتی خۆیدا دابەش کرا.
باسنيوز
