تاڤگە عومەر: بەكارهێنهرانی ماددەی هۆشبەر لە بەرزبوونەوەدان
بەپێی دوایین راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، 275 ملیۆن كەس لە جیهاندا ماددەی هۆشبەر بەكار دەهێنن، كە دەكاتە 5.6% دانیشتووانی گۆی زەوی و تەمەنیان بە گشتی لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵدایە و 13.8 ملیۆن كەسیشیان تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 16 ساڵیدایە.
بە گوێرەی راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، زیاتر لە 31 ملیۆن كەس پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی هەیە، هەروەها بەپێی راپۆرتی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2015دا زیاتر لە 450 هەزار كەس بە هۆی بەكارهێنانی حەب و دەرزی و ماددەی هۆشبەرەوە مردوون، لە هەرێمی كوردستانیش مەترسیی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر تا دێت زیاتر دەبێت.
تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی مافی مرۆڤ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەو ئامارەی لامانە، لە ساڵی 2018دا رێژەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بەم شێوەیە بووە: ئەوانەی بە ماددەی هۆشبەر حوكم دراون لە هەرسێ پارێزگای كوردستان هەولێر، سلێمانی، دهۆك، 1146 كەس بوون و 987 كەسیش لە ماددەی هۆشبەرەوە گلاون، هەروەها 283 كەس بازرگانییان پێوە كردووە و 1398 كەسیش لە قۆناغی لێكۆڵینەوەی دادگادان و چاوەڕوانی بڕیارن".
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی مافی مرۆڤ گوتیشی: "بەپێی ئەو ئامارانەی لای ئێمەن، رۆژ لە دوای رۆژ بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە بەرزبوونەوەدایە، چ ئەوانەی ئاڵوودە بوون و چ ئەوانەی بەكاری دەهێنن، بۆ ئەم مەبەستەش داوای هەمواری یاساكانمان كردووە، دواتر پێویستیمان بە هەڵمەتی نیشتیمانی هەیە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم مەترسییە و ئێمەش لەو بارەوە ئامادەكاریمان كردووە و پێویستە هۆشیاری لەناو خەڵك بڵاو بكرێتەوە، داواشمان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە هاوكارمان بن، چونكە بە كرانەوەی دەروازەكانی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، رۆژ لە دوای رۆژ بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر زیاتر دەبێت و پێویستە رێگری لە هاتنی بكرێت".
ئەوەشی خستە روو، كە جگە لە گەنجان، كۆمەڵێك ئافرەتیش بە هۆی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە سزا دراون.
kdp -
