هه‌ولێر میوانداریى كۆبوونه‌وه‌ى دووه‌مى ئه‌نجومه‌نى كارگێڕیى یه‌كێتیى عه‌ره‌بی بۆ کونسووڵە فه‌خرییەكان ده‌كات
دكتۆر ئه‌حمه‌د جه‌لال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "بڕیاره مانگى داهاتوو له 19 تاوه‌كو 22ى 7ى 2019، كۆبوونه‌وه‌ى دووه‌مى ئه‌نجومه‌نى کارگێڕیى یه‌كێتیى عه‌ره‌بى بۆ کونسووڵى فه‌خرى له هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار به‌ڕێوه بچێت، به ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى یه‌كێتیى عه‌ره‌بى بۆ کونسووڵى فه‌خرى، عه‌لى باجابر و، جێگرى سه‌رۆك و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى کارگێڕیى هه‌ریه‌ك له وڵاتانى عێراق، مه‌غریب، سعوودیه، میسر، سوودان، موریتانیا، لوبنان، سووریا."
ئه‌حمه‌د جه‌لال، كه جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتیى عه‌ره‌بى بۆ کونسووڵى فه‌خرییه ده‌شڵێ: "كۆبوونه‌وه‌كه ژماره‌یه‌ك ته‌وه‌رەى جوداجوداى تایبه‌ت به کونسووڵه فه‌خرییه‌كانى وڵاتانى عه‌ره‌بی له‌خۆ ده‌گرێت و، پاش باس و گفتوگۆی ته‌وه‌ره‌كان، سه‌ردانى ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تى و سیاسه‌تمه‌دار و كاربه‌ده‌ستانى حكوومى و سیاسى و ئابوورى و شوێنه گه‌شتیارییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت."
کونسووڵى فه‌خریى وڵاتى سریلانكا له هه‌ولێر ده‌شڵێت: "ئه‌نجامدانى ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه و سه‌ردان و دیداره‌كان ده‌ستكه‌وتێكى گرنگه بۆ ئه‌ندامانى كۆنگره‌کە به مه‌به‌ستى ڕاگۆڕینه‌وه و سوودوه‌رگرتن له توانا و هزر و بیرى یه‌كترى له بوارى جوداجودا، هه‌روه‌ها به‌هێزكردنى ڕۆڵى کونسووڵى فه‌خرى و گرنگیدان به پێگه‌ى دیپلۆماسی‌یان."
شایانى باسه ژماره‌ى کونسووڵى فه‌خریی وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌گاته 705 کونسووڵ كه دابه‌ش بوونه به‌سه‌ر 20 وڵات‌دا و پێك دێن له كه‌سایه‌تیی ئابوورى و بازرگانى و سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى، بۆ تۆكمه‌كردن و به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندیى نێوان وڵاتانى به‌شداربووى یه‌كێتییه‌كه."
kdp -
