لەبارەی دەستووری عێراقەوە یاداشتێک بە سەرۆک بارزانی و عەلی سیستانی دەدرێت
مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رايگەیاند: ”٢٥ کەسایەتی لەسەر ئاستی عێراق ئەوە بۆ سێییەم جارە کۆڕبەندێک ئەنجام دەدەین بۆ چاکسازی لەھەندێک بڕگەی دەستووری عێراق کە پەیوەندییان بە پرسی ئازادیی تاکی عێراق و ھاووڵاتیبوونەوە ھەیە، بەشێکیشی پەیوەندی بە ئایینییە جیاوازەکانەوە ھەیە کە گرنگە لە سەرتاسەری عێراق گۆڕانکاری تێدا بکرێت، ئەمەش دەکرێتە پڕۆژەیەک و دەدرێتە ھەرسێ سەرۆکایەتیی عێراق و ھەرێمی کوردستان“.
گوتیشی: ”پڕۆژەکە دەدرێت بە هەریەک لە سەرۆک بارزانی و عەلی سیستانی وەک دوو مەرجەعی خەڵکی لە عێراق و راسپاردەشیان پێ دەدەین“.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە بابەتی مافی ھاووڵاتیبوون و ئازادیی گشتییەوە هەیە، بەتایبەتیش ئەو بڕگەیەی کە دەڵێت: (نابێت ھیچ یاسایەک دەربچێت پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بێت) و (ھیچ یاسایەکیش دەرنەچێت بەبێ ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ)، ”ئەمانە جۆرێک لە تێکەڵاوییان تێدایە، دەبێت دەستکاری بکرێن لەگەڵ چەند پرسێکی سیاسیش، بۆ نموونە لە بابەتی بەکارهێنانی هێز، وەک چۆن لە دوای ڕیفراندۆم بینیمان هێز بۆ کوردستان جووڵێندرا“.
باسنيوز
