سۆران.. بە چەند چالاكییەك رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان کرایەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 26/6/2019 لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، رێكخراوی پەرە بە چاودێریی وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هۆڵی رۆشنبیری و هونەریی سۆران و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە میوانان و چین و توێژەكانی دەڤەرەكە، لەژێر دروشمی (بۆ وتنی نەخێر بە ماددە هۆشبەرەكان هیچ كات درەنگ نییە) بە کردنەوەی پیشانگایەك و خستنەڕووی چەند تابلۆیەک كە گوزارشتیان لە زیانەكانی توشبوانی مادە هۆشبەرەكان دەكرد، لەگەڵ چەند چالاكییەكی دیكە یادەكە بەرز راگیرا.
وەیسی سەعید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لە وتەیەكیدا تیشكی خستە سەر گرنگیی بایەخدان بە یادكردنەوەی رۆژی جیهانیی مادە هۆشبەرەكان و بە هەنگاوێكی گرنگی دانا، بۆ زیاتر هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە، باسیشی لە مەترسییەكانی مادە هۆشبەرەكان كرد كە هەمیشە دوژمنان بە هۆیەوە ویستوویانە تاكی كورد بڕووخێن و شیرازەی خێزان تێك بدەن و مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەییمان دروست بكەن، راشی گەیاند، لە پەرلەمانی كوردستان بە بەرچاوڕوونییەوە كار دەكرێت بۆ بەهێزكردنی دامەزراوە نیشتمانییەكان لەو بوارەدا و دانانی یاسا و هەموارکردنەوەی پێویست كە لەگەڵ قۆناغەكە و قەبارەی كێشەكە و گۆڕانكارییە خێراكانی شێوازی بەرهەمهێنان و مامەڵەو بازرگانی پێوەكردن و بەكارهێنانی بگونجێت".
هاوکات كرمانج عیزەت قایمقامی سۆران، باسی لە مەترسییەكانی ماددە هۆشبەرەكان كرد و هیوای خواست هەموو لایەك رۆڵی خۆیان بگێڕن لە هوشیاركردنەوەی هاووڵاتییان، ئینجا لەمیانەی ووركشۆبێكدا چەند بابەتێك خرانە ڕوو کە لەلایەن پسپۆڕانی بواری شەریعە و یاسا و كۆمەڵناسییەوە كە هەر یەكەیان لە تێڕوانینی خۆیانەوە باسیان لە پێناسە و مەترسییەكانی مادە هۆشبەرەكان دەكرد، لەگەڵ خستنەڕووی چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، لە كۆتاییشدا رێز لە كۆمەڵێك چالاكوان و دەزگای ئیداری و ئەمنی و ڕاگەیاندن گیرا، كەلە ڕابردوودا لە هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگە لە مەترسییەكانی مادە هۆشبەرەكان ڕۆڵیان هەبووە.
باسنيوز
