"کەسێک بەهۆی قوماری ئەلیکترۆنی ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار دۆلاری لەدەست داوە"
ئیدریس ھەرکی، سەرۆکی لێژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک رايگەیاند، قوماری ئەلیکترۆنی لە سەنتەری پارێزگای دھۆک کراوە، لە ھەمانکاتدا دوو شوێن ھەبووە لە قەزای ئامێدی و لە زاخۆ و ئاکرێ، شوێنێکیش ھەبوو ساڵی ٢٠١٥، دوای سەردانێکی مەیدانی بۆ ئەو شوێنانە، بڕیار درا بە داخستنی تەواوی ئەو شوێنانەی قوماری ئەلیکترۆنییان تێدا دەکرێت، ئەم بڕیارەش لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک دەرچوو تا ساڵی ٢٠١٧ ئەو شوێنانە داخران، بەڵام ”ئەگەر شوێنێکی نھێنی مابێت و قومارەکە تێدا کرابێت، ئەوە بە نهێنی بووە“.
ڕوونیشی کردەوە کە ساڵی ٢٠١٧ داوا پێشکەش کرا کە شوێنەکان بکرێنەوە، بەڵام لێژنەی یاسایی ئەنجومەن داواکەی ڕەت کردەوە، چونکە ”ئەم یارییە ئەلیکترونییە دژی ماددەی ٣٨٩ی یاسای ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ کە یاسای سزادانی عێراقییە، بەپێی یاساکە ئەم یارییە تاوانە و دژی یاسایە ئەگەر بکرێنەوە، بۆیە رەتمانکردنەوە، سەرەرای چەندین داواکاری کە کران بۆ کردنەوەی ئەو شوێنانەی یارییان تێدا دەکرێت“.
ئیدریس هەرکی ئاشکرای کرد کە ماوەیەکە لەوە ئاگادار کراونەتەوە، دووبارە قوماری ئەلیکترۆنی لە سەنتەری دهۆک دەستی پێ کردووەتەوە، دوای بەدواداچوونیان، بۆیان دەرکەوتووە کە ئەوانەی مۆڵەتیان هەیە، تەنیا مۆڵەتی کردنەوەی کافێیان هەبووە لەگەڵ ڕاکێشانی هێڵێکی ئینتەرنێت، بەڵام ”بەنھێنی“ قوماری ئەلیکترونییان داناوە کە سیستەمەکە سەر بە قوبرسە. گوتیشی: ”کەسی وا ھەبووە ٢٠ دەفتەر دۆلاری لەدەستداوە تا دەگاتە ملیۆن دۆلار، خەڵکێکی یەکجار زۆر لێی زەرەمەند بووە، کەس ھەبووە ١٣٠ دەفتەر دۆلاری لەدەستداوە بەهۆی قوماری ئەلیکترۆنی. کەسی وەهاش هەبووە کە خانوو یان ئۆتومبێلەکەی فرۆشتووە بۆ قومار و لەدەستی داوە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە هەرچەندە کردنەوەی قەدەغە کراوە، بەڵام هێشتا یارییەکە بەردەوامە و ”لەم ماوەیەدا نزیکەی ٣٠ شوێن لەناو سەنتەری دھۆک ھەبووە کە قوماری ئەلیکترۆنییان تێدا کراوە، لە دوایین بەدواداچوونماندا لەم هەفتەیە، ١٥ شوێنی دهۆک داخران کە قوماریان تێدا دەکرێت، بەدواداچوونیشمان بەردەوامە، ھەر شوێنێک ئەو یارییەی تێدا بکرێت، دادەخرێت“. بە پێویستیشی زانی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەم بابەتە بکات و بەرنامەکان فلتەر بکات و بەھیچ شێوەیەک نەکرێنەوە، چونکە ئەگەر لە دەورەوەش نەکرێن، مەترسی ھەیە ھاووڵاتیان لەماڵەوە بە ڕێگای مۆبایل بیکەن، بۆیە ”پێویستە سیستەمەکە دابخرێت و زیاتر بڵاو نەبێتەوە“.
باسنيوز
