قایمقامی مێرگەسۆر: كاركردن لە پڕۆژەی رێگەی نێودەوڵەتیی مێرگەسۆر توركیا بەردەوامە
غهفور ئهحمهد مالهسوارى، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كاركردن لە رێگای نێودەوڵەتیی مێرگەسۆر – توركیا بەردەوامە، ئەمەش دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا بە ھۆی تەقینەوەی بۆمبێك لەسەر رێگاكە، كاركردن لە پڕۆژەكەدا راگیرابوو، بەڵام لە ئێستادا ھێزەكانی پێشمەرگە لە ڕووی ئەمنییەوە ناوچەكەیان كۆنتڕۆڵ كردووە و تیمەكانی كاركردن دەستیان بە كار كردووەتەوە، ھەر ئەمڕۆش سەردانی پڕۆژەكە دەكەین بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی پڕۆژەی رێگای مێرگەسۆر توركیا".
قایقمامی مێرگەسۆر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "رێگاكە دەكرێتە دەروازەیەكی نێودەوڵەتی لە نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا، كە چەندین سوودی بۆ ھەردوو وڵات ھەیە، لەوانەش ژمارەیەكی زۆر ھەلی كار بۆ خەڵكی ناوچەكە دەڕەخسێنێت و قەبارەی جووڵەی بازرگانیی نێوان ھەرێم و توركیا زیاتر دەبێت، چونكە ئەمە یەكەم رێگا دەبێت لە سنووری پارێزگای ھەولێر راستەوخۆ بچێتە نێو خاكی توركیاوە".
غهفور ئهحمهد گوتیشی: "رێگاكە لە سەنتەری ناحیەی شێروان مەزن دەست پێدەكات بۆ دەڤەری گەردی لە باكووری كوردستان و بە گەلی زێت دەرباز دەبێت، لە ماوەی یەك مانگی داھاتووشدا چاوەڕێ دەكەین كردنەوەی رێگاكە بگاتە نێو خاكی باكووری كوردستان و دواتر كار بۆ كردنەوەی دەروازە نێودەوڵەتییەكە دەكرێت و رێوشوێنی یاسایی و بازرگانی دەگرینە بەر".
kdp -
