عەبدولباست سەیدا: دنیا پێویستی بە سەرۆک بارزانییە
بۆچی بۆ لای سەرۆک بارزانی دێن؟
عەبدولباست سەیدا، سەرۆکی پێشووی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەڵێت: "ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناڤین پەیوەستە بە دنیا و لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینیشدا پێگەی سەرۆک بارزانی لە لووتکەدایە، بۆیەش دنیا ئێستا پێویستی بە سەرۆک بارزانییە."
سەیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بینیمان چۆن سەرکردە جیهانییەکان ڕوو لە سەرۆک بارزانی دەکەن، چونکە دەزانن بارزانی کۆد و چارەسەریی سیاسی و ئاشتییە و دەیەوێت کێشەکان بە لێزانی چارەسەر بکات."
"ئەوەی گرنگتریشە سەرۆک بارزانی پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ تەواوی سەرکردەکانی ناوچەکە و جیهانیشدا هەیە، ئەگەر تەماشا بکەی بۆ چارەسەری سووریا هەم ئۆپۆزسیۆنی سووریا و هەمیش ئەمەریکا و لایەنەکانی تریش ڕوو لە سەرۆک بارزانی دەکەن." سەیدا وا دەڵێ.
بزووتنەوەی کورد و عەرەب لە سووریا و لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین گرێ دراوە بە سەرۆک بارزانییەوە و، هەرکاتێک باسی ئاشتیی سیاسی لە ناوچەکەدا بکرێت دەبێ بۆ لای سەرۆک بارزانی بڕۆی.
لە ڕەهەندێکی ترەوە
سیاسەتمەدارێکی عێراق دەڵێت: "سەرۆک بارزانی توانیی بە سیاسەتێکی لێزان و سەردەمیانە سەرنجی جیهان بۆ لای کوردستان ڕابکێشێت."
مەشعان جبووری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "سەرۆک بارزانی ڕیگەی نەدا پلان و گەمارۆی هیچ وڵاتێک بەسەر کوردستاندا بسەپێت، ئەمەش بووە هۆی متمانەی جیهان لە مێژوودا و لە ئێستاشدا ڕێگەی نەدا هیچ لایەن و کەسێک خۆی بەسەر عێراق و کورددا بسەپێنێت."
پارێزەری مرۆڤایەتی
هەمیشە لە گوتار و وتەکانیدا، سەرۆک بارزانی دەڵێت: "کوردستان شوێنی هەموو ئایین و نەتەوە و هزر و بیرێکی جیاوازە، بۆیەش ڕیگە نادەین هیچ کەس تەعدامان لێ بکات و ئێمەش تەعدا لە کەس ناکەین."
ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی مەسیحی و ئیزدی و تورکمان و سووریایی و عەرەب لە کوردستان هەن. سەرۆک بارزانی دەڵێت: "کوردستان وڵاتی خۆتانە، هیچ جارێک هەست بە غەریبی نەکەن، چاودێران ئەمە بە هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگ دەبینن."
بە بڕوای عەبدولباست سەیدا، جیهانی دەرەوە لە ڕووی مرۆڤایەتیشەوە سەیری سیاسەتمەداران دەکات، بۆیە سەرۆک بارزانی ئەو پێگەیەشی لە دەرەوە پاراستووە، کە کەسێکی ئاشتیخوازە و بەرگری لە پێکهاتەکان دەکات.
kdp -
