ئۆپۆزسیۆنی توركیا داوای ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكات
كەمال كلیچدارئۆغلو سەرۆكی جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، ئەمڕۆ لە وتارێكدا لەبەردەم گرووپی ئەندام پەرلەمانانی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا، ئاماژەی دا كە بەرپرسیاریەتی ئەوان لەمڕۆوە دەست پێدەكات.
كلیچدارئۆغلو گوتی "لە دەستووردا نووسراوە و لە سوێندخواردنی سەركۆماردا هاتووە، كە سەركۆمار سوێند بە نامووس و شەرەفی دەخوات بێلایەن بێت، بەڵام دەركەوت سەركۆماری توركیا لە پروپاگندەی هەڵبژاردندا بێلایەن نەبوو، بۆیە پێویستە بچینە ناو ریفراندۆمەوە و سەرۆكێكی بێلایەن بۆ توركیا هەڵبژێرین".
كلیچدارئۆغلو لە درێژەی قسەكانیدا، ئەوەی روون كردەوە كە پێویستە دەستووری توركیا هەموار بكرێتەوە و لەوێدا جێگیری بكەین ئەوەی دەبێتە سەركۆمار، دەبێت بێلایەن بێت، نابێ ئەندامی هیچ پارتێكی سیاسی بێت، چونكە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەركەوت خەڵك نایەوێت سەرۆكی وڵاتەكەی لایەنگیری هیچ پارتێك بكات.
باسنيوز
