مەسرور بارزانی و شاندێکی یەكێتیی ژووری بازرگانی ئەمریكا کۆ بوونەوە
مەسرور بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە هاتنی ئەم شاندە فراوانەی کۆمپانیاکانی ئەمریکا دەربڕی و بە ئاماژەیەکی گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوولای هەژمار کرد.
راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر زەمینەی لەباری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، کە بەرنامەیەکی سەرەکیی کابینەی داهاتووی هەرێم، ڕاکێشانی هەرچی زیاتری وەبەرهێنانی دەرەکی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و بێگومان کۆمپانیاکانی ئەمریکاش دەتوانن سوود لەو هەلومەرجە ئابوورییەی ناو هەرێم وەرگرن.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە سەرەتای هەنگاوی کردەیی کابینەی داهاتوو دەبێت بۆ ئەوەی ئابووری کوردستان فرەسەرچاوە بێت و تەنیا پشت بە کەرتی نەوت نەبەسترێت.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی شاندەکە، وێڕای ئومێدی سەرکەوتن بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی کابینەی داهاتووی هەرێم، جەختیان لە سەر نیازی یەکێتی ژووری بازرگانیی ئەمریکا کرد لە هاندانی کۆمپانیاکانیان بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا.
لە میانەی گفتوگۆکاندا تیشک خرایە سەر گرنگیدان بە وەبەرهێنان لە بوارە جۆراوجۆرەکان، بە تایبەت لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی هەرێم و وەبەرهێنان لە کەرتەکانی تەندروستی و تەکنەلۆژیا و پیشەسازی و پێشخستنی سیستەمی دارایی و کەرتی پەروەردە لە هەرێم.
باسنيوز
