کەمال کەرکووکی: پارتی بە جۆرێک دەگەڕێتەوە کە کەرکووکییەکان پێی سەربەرز بن

کەمال کەرکووکی: پارتی بە جۆرێک دەگەڕێتەوە کە کەرکووکییەکان پێی سەربەرز بن
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی کردەوە کە حزبەکەی هێشتا بۆچوونی پێشووی لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک هەیە.

دکتۆر کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی ڕايگەیاند: ”پارتی ئێستاش ھەمان بۆچوونی پێشووی بۆ ئاسایی کردنەوەی کەرکووک ھەیە، مەلەفی سەربازی، مەلەفی ئەمنی، مەلەفی سیاسی و مەلەفی کارگێڕی دەبێت وابێت کە پێشمەرگە و سوپا لەدەرەوەی شاری کەرکووک و قەزا و ناحییەکان بن بۆ پاراستنی ناوچەکە لە تیرۆر، ناوەندێکی ھەماھەنگیشیان ھەبێت“.

ڕوونیشی کردەوە کە پێویستە دۆسیەی ئەمنی ڕادەستی پۆلیس و دەزگا ئەمنییە خۆجێییەکانی کەرکووک بکرێن کە لە پێکھاتەکانی کەرکووک پێکھاتبن، ئەو ھێزانەی لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە ھێنراونەتە ناو کەرکووک، ببرێنە دەرەوەی شارەکە.

هەروەها بە پێویستی زانی، بارەگاکانی پارتی و پارتی گەلی تورکمانی چۆڵ بکرێن کە پێشتر داگیر کراون، بەربەست لە پێش ئاڵای کوردستان لاببرێت، دۆسیەی کارگێڕی لە دوای ڕێککەوتن لەسەر سێ دۆسیەکەی دیکە، پێشتر دەست پێ دەکات، ئەویش بە دەست بەکاربوونی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە شوێنی خۆی و یەکلایی کردنەوەی بابەتی پارێزگار.

جەختی کردەوە: ”ئەمانە بۆچوونەکانی ئێمەن کە لە گفتوگۆکانمان وەک پارتی ھەوڵی بۆ دەدەین تا جێگیر ببن، ھەرچەندە لێدوانی جۆراوجۆر لێرە و لەوێ دەدرێن، بەڵام دوورن لە ڕاستییەوە، ئەوەی باس لەوە دەکات گوایە من وەک کەمال کەرکووکی بە قایمقام و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگام ڕاگەیاندووە کە بگەڕێنەوە کەرکووک، ڕاست نییە و شتی وام نەگوتووە، ئەوەش ڕاست نییە کە حکوومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک مەرجی دانابێت“. گوتیشی ”چونەوەمان پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بۆچوونەکانمان ھەیە، پارتی بەشێوەیەک دەگەڕێتەوە کە کەرکووکییەکان پێی سەربەرز بن“.










باسنيوز
Top