لە دوو ناوچەی سلێمانی زیاتر لە 100 دۆنم پووش و پاوان سووتاون
لەمبارەوە عەمیدی پۆلیس هێمن کەمەرخان ئەفەندی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کردووە بە هۆکارێکی نادیار لە سنوری گوندی (قۆجەبڵاخ )ی چەمی ڕەزان لە ناحیەی پیرەمەگروون ئاگر لە پوش و پاوانی ناوچەکە کەوتوووەتەوە و دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستانی پیرەمەگروون گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە و بە هاوکاری لەگەڵ ئاگرکوژێنەوەی پیرەمەگروون و خەڵکی ناوچەکە توانیان ئاگرەکە بکوژێنەوە و کۆنتڕۆڵی بکەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە زەرەر و زیانی ئاگرەکە بووە هۆی سووتانی نزیکەی 100 دۆنم لە پوش و پاوان و سروشتی ناوچە.
لەلایەکی ترەوە لە سنووری گوندی (زەردەبی)ی سەر بە ناحیەی سیتەك ئاگرێك لە پوش و پاوانی ناوچەکە کەوتووەتەوە و دەستبەجێ مەفرەزەکانی (بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەك) گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بە هاوکاریی لەگەڵ (ئاگرکوژێنەوەی سیتەك) توانیان ئاگرەکە کونتڕۆڵ بکەن و بیکوژێنەوە و ڕێگە لە زیاتر تەشەنەکردنی بگرن.
لە ئەنجامی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە نزیکەی 5 دۆنم لە پوش و پاوان و چەند دەوەنێكی ناوچەکە سووتاون و زەرەر و زیانیان بەرکەوتووە.
هەروەها کارمەندێكی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەك لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بە سووکی بریندار بووە، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
دواتر لە ئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستانی گاپیڵۆن بە هاوبەش لەگەڵ پۆلیسی دارستانی ماوەت دەرچوون بۆ گوندی (کۆلەد) لەپێناو پاراستنی سنوورەکە و توانیان دەست بگرن بەسەر (20) بن داری بڕدارو (20) فەردە خەڵووزدا کە خاوەنەکەی نادیار بووە.
باسنيوز
