حكوومه‌تی عێراق لە كه‌یسی شنگال خۆی كه‌ڕ کردووە
لەمبارەوە د. وه‌عد مزووری، ڕاوێژكاری په‌رله‌مان، له لێدوانێكدا سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌كه ده‌ڵێت: "ساڵی 2015، وه‌ك ڕاوێژكاری په‌رله‌مان، پڕۆژه‌یاسای به جینۆسایدناساندنی كاره‌ساتی ئێزدییه‌كانم نووسییه‌وه، كه یه‌كێكه له پڕۆژه گرنگه‌كان و هه‌ر به خۆیشم پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان‌م كرد. خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌كه كراوه، به‌ڵام به‌هۆی له كاركه‌وتنی په‌رله‌مان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی، نه‌توانرا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌كه بكرێت. بۆیه ئێستا پڕۆژه‌كه به‌رده‌سته و هه‌ر كاتێك په‌رله‌مان ده‌ستی به دانیشتنه ئاساییه‌كانی خۆی كرده‌وه و كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت پێكهات، دووباره پڕۆژه‌كه پێشكه‌شی په‌رله‌مان ده‌كه‌مه‌وه".
هەر لەمبارەوە شێخ شامۆ، نوێنه‌ری كوردانی ئێزدی و ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته، به (باس‌نیوز)ی ڕاگه‌یاند: "پڕۆه یاسای به جینۆسایدناساندنی كاره‌ساتی شنگال، پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرابوو، ئێستاش كه په‌رله‌مان ده‌ستبه‌كار بووه‌ته‌وه، به سوپاس و خۆشحاڵییه‌وه، به هاوكاریی هه‌موو فراكسیۆنه‌كان و ته‌واوی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، پڕۆژه‌كه ئاماده كراوه‌ته‌وه و پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراوه و ده‌خرێته‌وه به‌رنامه‌ی كار و بڕیاری پێویستی له‌سه‌ر ده‌درێت".
لەباره‌ی ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌ش، شیخ شامۆ گوتی: "پڕۆژه‌كه له حه‌وت به‌ند پێك دێت، تێیدا هاتووه، كه كاره‌ساتی شنگال وه‌ك جینۆساید بناسێندرێت. هه‌روه‌ها له خاڵێكیدا ئاگاداری حكوومه‌تی عێراق ده‌كاته‌وه، كه ئه‌و بڕیاره‌ی به جینۆسایدناساندنه قه‌بوڵ بكات و داوا له په‌رله‌مانی عێراق كراوه ببێته ئه‌ندامی دادگای نێوده‌وڵه‌تیی تاوانه‌كان له لاهای، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه بدرێت. ئه‌مه و سه‌ره‌ڕای داواكردنی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی كاره‌ساته‌كه له‌لایه‌ن هه‌ر دوو حكوومه‌تی هه‌رێم و عێراق، هاوكات داواش كراوه هاوشێوه‌ی ڕۆژی كیمیاییبارانكردنی هه‌ڵه‌بجه، ڕۆژی كاره‌ساتی شنگال له‌سه‌ر ئاستی كوردستان به فه‌رمی بكرێته ڕۆژێكی نیشتمانی".
هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه، قائیمقامی قه‌زای شنگال بە (باس‌نیوز)ی ڕای گه‌یاند: "له ڕێكه‌وتی 20/8/2018، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ به‌ڵگه‌نامه‌كانی به جینۆسایدناساندنی كاره‌ساتی كوردانی ئیزدی، كه له‌سه‌ر ده‌ستی تیرۆریستانی داعش كۆمه‌ڵكوژ كران، تیمێكی پێکهێناوه".
ئاشكراشی كرد: "ئه‌و تیمه پێك هاتووه و به مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه بۆ به جینۆسایدناساندنی شنگال و ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر كوردانی ئیزدی هێنرا، پێویستن، ده‌ستی به كاره‌كانی خۆی كردووه و ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌مه‌ش نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه یه‌كرگتووه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن، كه‌وا دادگایه‌كی مۆدێرن له كوردستان دابمه‌زرێنن، چونكه گه‌لێك كاره‌ساتی دیكه له كوردستاندا روویان داوه، كه پێویستیان به لیكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون هه‌یه".
مه‌حما گوتیشی: "ماوه‌یه‌ك پێش ئیستا، كه‌ریم خان، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی ڕۆحانیی ئێزدییانی كردبوو. له‌و سه‌ردانه‌دا ئه‌م پرسه گفتوگۆی چڕی له‌باره‌وه كرابوو. نوێنه‌ره‌كه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌و ڕاستییه‌ی نه‌شاردووه‌ته‌وه، كه ئه‌گه‌ر ئه‌و تیمه به دروستی كاره‌كانی خۆی بكات و لایه‌نه پهیوهندیارهكانیش هاوكاری بن، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه كه‌یسی كوردانی ئێزدی و ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر شنگال هێنرا، به جینۆساید دهناسیندرێت".
هه‌ر په‌یوه‌ست به‌م پرسه، حوسین قاسم حهشۆن، ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای به جینۆسایدناساندنی كه‌یسی كوردانی ئێزدی بە (باس‌نیوز)ی ڕاگەیاند: "به هه‌زاران به‌ڵگه و دۆكیۆمێنت له‌سه‌ر جینۆسایدی شنگال كۆ كراونه‌ته‌وه و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له هه‌وڵی جدی و به‌رده‌وام دایه، بۆ خێراتركردنی هه‌نگاوه‌كانی به جینۆسایدناساندنی كاره‌ساتی شنگال، به‌ڵام ئاسته‌نگی به‌رده‌م پرۆسه‌كه ئه‌وه‌یه، كه هێشتا دۆسیەكه له دادگای لاهای وه‌رنه‌گیراوه. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی به عێراقه‌وه هه‌یه، چونكه ده‌وڵه‌تی عێراق ئه‌ندامی ئه‌و دادگایه نییه و ئه‌گه‌رچی زۆرجار په‌یوه‌ست به هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیكردن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیەی جینۆسایدی شنگال، داوا له به‌غدا كراوه، به‌ڵام تا ئیستا خۆی بێده‌نگ و کەڕ كردووه".
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان، تا ئێستا 76255 خێزانی ئێزدی، كه 405673 كه‌سن، له 17 كه‌مپی ئاواره‌یی سنووری پارێزگای دهۆكن. به‌م پێیه تا هه‌نووكه 90%ی ئه‌و كورده ئێزدییه ئاوارانه نه‌یانوێراوه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان و تا ئێستاش دیار نییه، كه ئاخۆ چۆن و كه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه".
له 3ی ئابی 2014، ڕێكخراوی تیرۆریستیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام (داعش) هێرشی كرده سه‌ر قه‌زای شنگال و چه‌ندین تاوانی دڕنده و دژه مرۆڤایه‌تیی به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی سڤیلی قه‌زاكه‌ی و ده‌وروبه‌ری گەیاند، كه هه‌موویان كوردی ئێزدی بوون، هه‌ر له كوشتن و سه‌ربڕینه‌وه بگره، تا گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و به كه‌نیزه‌ك و كۆیلهبردنی كچ و ژنانی ئێزدی و به سه‌بی كردنیان، هاوكات به‌هۆی ئه‌م كاره‌ساته‌وه سه‌دان هه‌زار كوردی ئیزدی ئاواره بوون و ناوچه‌كانیشیان وێران كران.
باس‌نیوز
