گەشتی وڵاتانی دەوروبەر بۆ کارمەند و ئەفسەرانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ قەدەغە کرا

 گەشتی وڵاتانی دەوروبەر بۆ کارمەند و ئەفسەرانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ قەدەغە کرا


بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، گەشتکردنی کارمەند و ئەفسەرانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ مۆڵەتی فەرمی، قەدەغە کرا.



بەپێی نووسراوێک کە ڕۆژی ٢١ی ٥ی ٢٠١٩ بە واژۆی کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ دەرکراوە و ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراوە، ئاماژە بەوە دراوە: ”ماوەیەکە تێبینی دەکرێت کە کارمەند و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە، هاتوچۆی وڵاتانی دەرووبەر دەکەن و هەندێکیان لە هێڵی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەر کار دەکەن“.



هەر بۆیە بڕیار دراوە کە لەمەودوا بە هەموو شێوەیەک هاتوچۆی کارمەندان و ئەفسەرانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی کە تێیدا هۆکاری سەردانەکەی دیاری کرابێت، قەدەغەیە و داوا کراوە کاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەست پێ بکەن.



لە هەرێمی کوردستاندا دەیان هەزار کارمەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە چوارچێوەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەدا هەن کە ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە.







باسنيوز
Top