عێراق و ئێران داواى هاوکارى لە هەرێمى کوردستان دەکەن

 عێراق و ئێران داواى هاوکارى لە هەرێمى کوردستان دەکەن


بەرپرسێکى وەزارەتى شەهیدان رایگەیاند لە کۆبوونەوەى سێ قۆڵى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێراندا باس لە هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى شەڕى هەشت ساڵەى ئێران و عێراق کراوە و داواى هاوکارى لە هەرێمى کوردستان کراوە.



بەرەڤان حەمدى بریکارى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەرێم راگەیاند: "بە چاودێرى رێکخراوی خاچى سوورى نێودەوڵەتى لەهەولێر کۆبوونەوەیەکى سێ قۆڵى لەنێوان وەزارەتى شەهیدانى هەرێم و دەزگاى شەهیدانى عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێران بەڕێوەچوو دەربارەى دۆزینەوە و هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى شەڕى هەشت ساڵەى نێوان عێراق و ئێران کرا، لەمیانەى کۆبوونەوەکەدا هەردوولا داواى هاوکارییان لە هەرێمى کوردستان کرد، چونکە بەگوتەى بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى تا ئێستا زیاتر لە (23) هەزار روفاتى سەربازانیان نەدۆزیوەتەوە".



ناوبراو راشیگەیاند: "ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دەکەونە ناوچەکانى ماوەت و حاجى ئۆمەران و پێنجوێن لەهەرێمى کوردستان، ئێمە بەڵێنى هاوکاریمان پێدان لە هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان، لە بەرامبەردا داواى هاوکاریمان لێکردن بۆ هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى ناوچەکانى سەماوە و شنگال".



بریکارى وەزارەتى شەهیدان ئاماژەى بە ئەوەش کرد" کۆمارى ئیسلامى و حکوومەتى ناوەند ئامادەیى خۆیان دەربڕى بۆ هەرجۆرە هاوکارییەک لە چوارچێوەى هاوکارییە مرۆیى و تەکنیکییەکان، بۆ دۆزینەوە و هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى کوردانى ئێزیدى لە شنگال و گۆڕە بەکۆمەڵەکانى شاڵاوەکانى ئەنفالى کوردستان".






باسنيوز
Top